سلێمانی یادی راپەڕین بەرز ڕادەگیرێت

سلێمانی یادی راپەڕین بەرز ڕادەگیرێت
سبەینێ بیست و سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی سلێمانی،لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شارەکەش ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانی ڕاپەڕینەوە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو بۆنەیە بەڕێوە چوو.


چالاکیەکان بریتی بوون لە خوێندنەوەی ووتار و چاندنی نەمام و کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی و وەبیر ھێنانەوەی بیرەوەریەکانی ئەو ڕاپەڕینە.


ھۆکاری سازکردنی ڕێوڕەسمەکە لەم ڕۆژەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سبەی ھەینیەو دەوامی دام و دەزگاکانی ھەرێم نییە.
لای خۆیەوە"ئاوات تۆفیق"سەرۆکی شارەوانی ڕاپەڕین لەلێدوانێکی تایبەت بۆئاژانسی پەیامنێر گووتی:"ڕاپەڕین ئازادی و سەربەخۆیی ئەمڕۆی کوردستانی بۆ بەدەست ھێناوین و ھەموومان لەسایەی پەرلەمان و حکومەتدا بەئازادی بۆچوونەکانمان دەردەبڕین".


گووتیشی:"ڕاپەڕین جەماوەری خەڵکی کوردستان بەھاوکاری بەرەی کوردستانی ئەنجام درا کە گشت لایەک شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکەین".


ڕاشیگەیاند:"ئەرکی ھەموو کەسێکە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بپارێزێت و کاریش بکات بۆ بەدەستھێنانی دەست کەوتی دیکە".


جێگەی ئاماژە بۆ کردنە لە ڕۆژی ٧ی ئازار جەماوەری شاری سلێمانی دژی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو ڕاپەڕی و سەرجەم دامەزراوەکانی ئەو ڕژێمەش لە شارەکە ڕاماڵدرا.
Top