نێچیرڤان بارزانی: چەندین جار هەڕەشەی راستەوخۆمان لە بەغدا بیستووە
ئەو نیگەرانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە هەڵوێستی بەغدا لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و گوتی "ئەوەی لێی دەترساین لە عێراق روویدا".
نێچیرڤان بارزانی گوتی "مەترسیمان هەیە لە ئایندەی عێراق و هەست بە نائومێدی دەكەین لە هەڵسوكەوتی عێراق بەرامبەر بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان".
گوتیشی "چەندین جار هەڕەشەی راستەوخۆمان لە بەغدا بیستووە، بەڵام ئێمە هێشتا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام پێویستە بەغداش ئەوە بزانێت و دووپاتی دەكەمەوە كە ئێمە ناگەڕێینەوە دواوەو دەستبەردای مافەكانمان نابین بەپێی دەستوور".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند "بیرۆكەی مەركەزییەت لە حوكمدا لای ئێمە كۆتایی هاتووە".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر سەبارەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغدا گوتی "زۆر نیگەرانین كە قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك كارتێكی فشار بەكاردەهێنرێ، كە تاكە كەسێك بڕیاری لەسەر ئەوە داوە، ئەوەش ئەوەبوو كە ئێمە بەردەوام ترسمان لێی هەبوو، روویدا". بارزانی جەختیكردەوە "بەڵام ئەوە بەهیچ شێوەیەك لای ئێمە قبووڵ نییە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد گوتی "پێكهێنانی حكومەت ئەو كاتەی خایاندوویەتی پێویستبوو، چونكە ئێمە دەمانەوێ هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە حكومەتی داهاتوو بەشداربنو هەرێمی كوردستان چوار ساڵی ئارامی تێپەڕێنێت"
رووداو
