روونكردنەوەی حكومەت لە بارەی بوونی بۆڕِییەكی "قاچاخ"ی نەوت لە سنووری توركیا

 روونكردنەوەی حكومەت لە بارەی بوونی بۆڕِییەكی
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە بوونی بۆڕِییەكی بەقاچاخی نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەن و دەڵێت، حكومەت لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كردووە و ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی دروستی نییە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی لە چەند سەرچاوەیەك و دەزگایەكی راگەیاندن بڵاوكرایەوە كە گوایە بۆڕِیيەكی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی هەكاری سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دۆزراوەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەستپێكرد و گەیشتە ئەو ئاكامەی ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی دروستی نییە.

دزەیی دەڵێت "ناوچەی هەكاری ناوچەیەكی شاخاوی و دوورە دەستەو هیچ كێڵگەیەكی نەوتیشی لێ‌ نییە. ئایا بە بۆڕِییەكی 500 مەتری نەوت لە كوێ‌ دەگاتە كوێ‌؟".

دزەیی جەختدەكاتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات كارێكی لەم شێوەیە ئەنجامبدرێت و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە نەوت و هەناردەی نەوت دەبێ‌ بە شێوەیەكی شەفاف و بە گوێرەی مافە دەستوورییەكان بێت ئەویش بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لەرێگەی گفتوگۆ.

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت "بە هەموو شێوەیەك هەنگاوی لەم جۆرە رەتدەكەینەوە، ئەوەی هەیە بۆڕِی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیایە بە ئاگاداری هەموولایەك و تاوەكو ئێستاش یەك بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەم بۆڕِییە نەفرۆشراوە"
Top