حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بكات، ئەگەر چارەسەر نەكرا، دەزانین چۆن و كەی بڕیار دەدەین

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بكات، ئەگەر چارەسەر نەكرا، دەزانین چۆن و كەی بڕیار دەدەین
لە دیدارێكی تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ : ئەو كێشەیەی ئێستا لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی دروست بووە، یەكەم جار نییە، پێشتریش روویداوە، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەندێك جار سیاسین، هەندیك جار ئیدارین، هەندێ جاریش مەزاجی ئەم و ئەو رۆڵی هەیە لە دروستكردنی قەیرانەكاندا، بەڵام بەگشتی وەك دەزانن چەند دۆسیەیەك بەهەڵواسراوی لەنێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی ماونەتەوە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی لە هەر تەوقیتێكدا بێت كێشەو ئاڵۆزی لەنێوانمان رووبدات، وەكو مادەی 140، یاسای نەوت و گاز، بودجە، هێزی پێشمەرگە.

هەروەها عیماد ئەحمەد گوتی: پێش ماوەیەك لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كێشە لەگەڵ بەغدا سەری هەڵدایەوە، ئەوكات ویستیان بە زەبری هێز بێنە ناوچەكانی خانەقین و شەنگار، هێز و تانكیان هێنا بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگرن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، لەسەر بەشی پێشمەرگە لەبودجە، زیادبوونی خەرجی سیادی كە كاریگەریی خراپی بۆ بەشی هەرێم لە بودجە هەیە، لەسەر دروستكردنی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە، ئەمجارەشیان كێشەكە لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەران و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە، سەبارەت بەم كێشانە ئەگەر بەویژدان و مەنتیقەوە سەیری بكەین، بێگومان رەفتاری حكومەتی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان ناهەقییە، لەبەر ئەوەی بەشێك لەوانەی ئێستا لەبەغدا حكومڕانی دەكەن، دژی بنەماكانی دیموكراتی و رێككەوتنامە هاوبەشەكان كار دەكەن .

شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەدا بەرێز عیماد ئەحمەد گوتی:گرنگترین رێوشوێن كە پێویستە بیگرینەبەر ئەوەیە دەبێت ناو ماڵی كورد رێكبخەین و یەك هەڵوێست بین، هەروەها دەبێت خاوەنی بڕیارێكی سیاسیی یەكگرتوو بین، ئینجا هەوڵبدەین كارت و بژاردەكانی بەردەستمان بەكاربهێنین، دەبێت لەرووی ئابووریی و سیاسیی و سەربازییەوە ئامادەباشیمان هەبێت مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەگەر و پێشهاتەكان بكەین.

شایانی باسە ئەحمەد هەروەها باسی كێشە و دەستووری عێراقی كرد و گوتی:بەپێی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبێت دەستوور پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەغدا رێكبخات، بۆیە ئێمە پابەندین بەوەی دەستوور ئەو پەیوەندییانە رێكبخات، ئەوەی بەم پرەنسیپە دەستووریەوە پابەند نییە حكومەتی فیدرالی عێراقە، راستە لە دەستووری عێراقیشدا هەموو مافەكانی كورد زامن نەكراون، بەڵام دەبێت هەوڵبدەین ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی بە جێبەجێكردنی دەتوانین كوردستانێكی خۆشگوزەران و ئازاد بونیاد بنێین، بەڵام ئەگەر ئەوان دەستوورەكەیان پێشێلكرد و نەیانهێشت ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت، ئەوا نابێت ئێمە دەستەوەستان دابنیشین، رێوشوێن و هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر تا لەم گەمارۆ ئابوورییە دەربازبین كە حكومەتی فیدراڵ خستویەتییە سەر هەرێم.

بۆ درێژەی خوێندنی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(967) دا.
Top