ئەنجوومەنی گەل و ئەنجوومەنی نیشتمانی یادی مستەفا بارزانی دەكەنەوە

 ئەنجوومەنی گەل و ئەنجوومەنی نیشتمانی یادی مستەفا بارزانی دەكەنەوە
بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هەردوو ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە شاری دربێسیێ یادی 35 ساڵەی كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی بكەنەوە.

پەیامنێری رووداو لە دربێسیێ لەو بارەوە رایگەیاند "رێوڕەسمەكە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە دربێسیێ بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانی ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان و بەرپرسانی كانتۆنی جزیرە و ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پیاوانی ئایینی ئیسلام و مەسیحی تێیدا بەشدار دەبن".

دوێنێ هەینیش ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان بەو مەبەستە رێوڕەسمێكی لە ناوەندی هونەری دربێسیێ بەڕێوەبرد، كە تێیدا بەرپرسانی كانتۆنی جزیرە و نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و ژمارەیەك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان بەشداربو‌ون.

ئەكرەم حەسۆ، سەرۆكی كانتۆنی جزیرە لە وتارێكدا مستەفا بارزانی بە سیمبولێكی نەتەوەیی ناوبرد و رایگەیاند "بارزانی هەمیشە بۆ یەكێتی كورد تێكۆشاوە و خەباتەكەی لەو چوارچێوەیەدابووە"











رووداو

Top