لەقەرەتەپە پێشمەرگەیەك برنیدار بوو و دوو خانووش تەقێندرانەوە
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە ناحیەی قەرەتەپە، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری، راگەیاند: بەیانی ئەمرۆ لە هەردوو گوندی عەلی سەرای و پاترانی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە لایەن تیرۆریستانەوە دوو خانوو تەقێندرانەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەشیدا، لەبەر ئەوەی خانووەكان تەواونەكرابوون و كەسی تێدانەبووە، تەنها زیانی مادییان لێ كەوتۆتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە ناحیەی قەرەتەپە، دوێنێ لە ئاكامی پەلاماری ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ سەر هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان، پێشمەرگەیەك بە سەختی برینداربوو.
شایانی باسە ناحیەی قەرەتەپە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی هەرێم و لە بنەرەتدا سەر بە شارۆچكەی كفری بووە و دواتر لە سەردەستی رژێمی بەعس دابرێندراوە و خراوەتەسەر قەزای شارەبانی سەر بە دیالە و دوای ڕوخانی رژێمی بەعس بە یەكێك لە ناوچە ئارامەكان ئەژماردەكرێت، بەڵام ماوەیەكە كردەوە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیە بە ڕێژەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردووە.
