سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەداتەوە
د.دیندار زێباری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دا راگەیاند: " ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەشێكی دا بەشێوەیەكی گشتی باس لە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەتایبەتی رەوشی رۆژنامەنووسان و رەوشی بەندیخانە و گیراوەكان و كەمەنەتەوە و ئایینەكان".
زێباری سەبارەت بە تێنینیەكانی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربارەی رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: " لە ساڵی 2007 وە یاسایی ژمارە 35 ی تایبەت بە كاری رۆژنامەنووسی و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەرچووە و ئێستا لە هەرێم كار پێ دەكرێت و ئەگەر ڕاپۆرتی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان لە هەرێم بۆ هەر دوو ساڵی 2012 و 2013 بكەینە پێوەر، پێشێلكاری لەدژی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2013 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012 كەمی كردووە نەوەكو زیاد كردبێت، چونكە لە ساڵی 2012دا ژمارەی ئەو پێشێلكاریانەی تۆماركراوون 63 پێشێلكاری بووە، بەڵام لە ساڵی 2013 تەنها 47 پێشێلكاری بووە، هەروەها بۆ هەمان مەبەستیش وەزارەتی ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەڵا سەندیكای رۆژنامەنوسان لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە وكاری ئەم لیژنەیە بەدواداچوونی ئەو پێشێلكاریانەیە كە لەدژی رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت.
هەروەها بە پێی داتاكانی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لە هەرێم نزیكەی 800 دەزگای میدیایی هەیە و بەپێی زانیاریەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش، ئەم سەندیكایە نزیكە 7000 حەوت هەزار ئەندامی هەیە. هەبوونی ئەم ژمارە زۆرە لە میدیا و رۆژنامەنووسان بەلگەیەكی روونە بۆ سەلماندنی هەبوونی فەزایەكی ئازاد لە هەرێمی كوردستان بۆ كاری راگەیاندن و را دەربڕین، بەڵام زۆر جاریش هەبووە كە رۆژنامەنووس لە كاری پیشەیی خۆی دەرچووە و بووە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی، ئەوەشی خستەروو كە زۆر جار رۆژنامەنووس خۆی لەكاتی ئەنجامدانی پێشێلكاری بەرانبەری سكالای تۆمار نەكردووە و دوای بەدواداچوونی دەزگاكانی پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم پێشێلكاریەكان دەركەوتووە و حاڵەتیش هەبووە هاووڵاتیان سكاڵایان لەدژی رۆژنامەنووسان تۆماركردووە، چونكە خۆی سەرپێچی مافی هاووڵاتیانی كردووە.
هەروەها بە پێی داتاكانی بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی، هیچ رۆژنامەنووسێك بە بێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزەكانی ئەمنیەوە دەستگیر نەكراوە.
هەر بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی خۆپیشاندان لەهەرێم، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی راگەیاند: "لە هەرێم یاسایی ژمارە 11 كە لە ساڵی 2010 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە تایبەتە بە خۆپیشاندان و سەرەرای ئەم یاسایە، وەزارەتی ناوخۆ چەندین رێنمایی تایبەت بە خۆپیشاندان و چونیەتی هەڵسووكەوتی دەزگاكانی ئەمنی و پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران دەرکردووە و هەردوو رێنمایی (6 و 7) تایبەتە بەرێگریكردن لە بەكارهێنانی هێز لەدژی خۆپیشاندەران و پێشێلكردنی مافی خۆپیشاندەران لەلایەن هەر لایەنێك لەسەر هەر ئاستێك بێت ئەوا بەپێی یاسایی ناوبراو ئەم لایەنە سزا دەدرێت.
سەبارەت بە ئەشكەنجەدان لە بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان، د.دیندار زێباری، گوتی: " لەهەرێمی كوردستان كار بەیاسایی ژمارە (111) ی ساڵی 1969 دەوڵەتی عیراقی دەكرێت كە ئەشكەنجەدانی بەندكراوان قەدەغە دەكات و ئەگەر حاڵەتێكیش لە بەندیخانەیەكی هەرێم رووی دابێت تەنها هەڵسووكەوتی كەسی بووە و سەرپێچكار سزادراوە، هەروەها جگە لەمە هەر كەسێك لە هەرێم ئەگەر گیرابێت یانیش بگیرێت، لە ماوەی 24 كاتژمێردا دادوەر بڕیاری ئازادكردنی یانیش درێژكردنەوەی ماوەی گیراوی دەدات و هەندێك جاریش لەبەر هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی گیراو، دادوەر بۆ بەرژەوەندی ئەم راگیراوە بڕیاری ئازادكردنی نادات. لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر زانیاری پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بەلایەنە نێودەوڵەتیەكان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوە و بەڵگەی پێویست لەسەر سزادراوانی ئەم بوارە پێیان داوە، بۆیە پێویست بوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەگەر حاڵەتێكی وا رووی داوە ئاماژەی پێی كردبا نەك بەشێوەیەكی گشتی باس بكات.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند: " نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ( یونامی ) لەدوایین ڕاپۆرتی خۆی دا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لەعێراق رایگەیاند كە سەردانی 53 بەندیخانەیان لەهەرێمی كوردستان كردووە و چاوی بە نزیكەی 400 بەندكراوی پیاو و ئافرەت و منداڵ كەتووە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەرگاكانی بەندیخانەكانی هەرێم بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەكان واڵایە و ئاگاداری رەوشی بەندكراوانن.
سەبارەت بە دواكەوتنی دادگایی گیراوەكان لەهەرێم، د.دیندار زێباری گوتی: " حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێلانی ئەم كێشەیە ژمارەی دادوەران و داواكاری گشتی زیادیكردووە و لە مانگی ئازاری ساڵی 2013 ئەنجوومەنی دادوەری 40 داواكاری گشتی لە هەرێم لەگەڵ ژمارەیەكی تری دادوەر بەمەبەستی خێرا راپەراندنی پەراوی راگیرو گیراوەكان لەهەرێمی كوردستان دامەزراندووە.
دەربارەی پێكهاتەی دەزگاكانی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان، زێباری راگەیاند: " بە پێی یاسایەكی تایبەت كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، هەموو پێكهاتەكانی ئەمنی لەهەرێم لە ژێر سێبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هیچ دەزگایەكی ئەمنی لەدەرەوەی سنووری ئەم ئاژانسە دا لە هەرێم نییە و كار ناكات.
سەبارەت بە رەوشی كەمەنەتەوە و ئاینەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، زێباری گوتی:" لە هەرێمی كوردستان گیانی پێكەوە ژیان و ئازادی پێكهاتەكان لە هەموو بوارەوە هەیە و هیچ فشارێك یان هەرەشەیەك لە كەمەنەتەوە و ئاینەكان نییە بە پێچەوانەوە، هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموو كەمەنەتەوە ئاینەكان لە عێراق لەلایەك و لەلایەكی ترەوە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هاووڵاتیانی تری عەرەب لە باشوور و ناوەراستی عیراق كە بەهۆی توندوتیژی و تیرۆر و تێكچوونی باری ئەمنی و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان روویان لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان كردووە و لە هەرێمی كوردستان كەمەنەتەوە و ئایینەكان جگە لە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی و بەرێوەبردنی وڵات و كاری سیاسی رۆژانە لە بواری تر بۆ نموونە لە بواری پەروەردە بەپێی داتاكانی وەزارەتی پەروەردە، تەنها لە شاری هەولێر 44 قوتابخانە بنەرەتی و ئامادەیی بەزمانی عەرەبی و توركمانی و سریانی هەیە و 56 قوتابخانەی دیكە لە ناوچەكانی حەمدانیە و بەرتلە و تلكیف و قەرەقۆش و ئەلقۆش بە زمانی سریانی هەیە و لە پارێزگای دهۆكیش دەستەیەكی تایبەت لە بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك هەیە كە سەرپەرشتی خوێندنی ئایینی ئێزدی لە ناوچەكانی دهوك و موسل دەكات. هەروەها لە هەرێمی كوردستان هیچ تاكێكی كەمەنەتەوە ناچار نەكراون كە بە زمانی كوردی بخوێنێت یان لە رووی سیاسیەوە هێچ كەسێك بۆ مەبەستێكی سیاسی لەسەر بنەمای كەمەنەتەوە دەستگیر نەكراوە و هاووڵاتیانی كەمەنەتەوە و ئاینەكانی تر بەهەمان شێوەی هاووڵاتیانی كورد پەیرەوی هەموو مافێكی خۆیان دەكەن و لەبەرامبەر یاساش هەموو كوردستانیەكان بە بێ جیاوازی یەكسانن.
لەكۆتایی دا، د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە لیژنەی ناوبراو لەداهاتوودا بە شێوەیەكی وردتر و بەرفراونتر وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەداتەوە.
