ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت 20 ساڵ پێش ئێستا وەك مەحاڵ سەیر دەكرا
هەروەها جامیس گوتی: ئەگەر وڵاتەكە بۆ ماوەیەك بێت ڕژێمێكی خۆسەپێنی هەبووبێت- بۆ نموونە- بۆ ماوەی نەوەیەك یان تەنانەت سەدەیەكیش، با لە ڕوسیا بڕوانین، ڕوسیا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ حكومەتێكی مەركەزی خۆسەپێنی هەبوو كە قەیسەرەكان بوون، و لەڕێی سەركوتكاریەوە جووتیارەكانیان لە ژێر چنگی خۆیاندا هێشتبۆوە و هەر بۆچوونێكی جیاوازی فیكریشیان سەركوت دەكرد، ئەمەش بووەهۆی ئەوەی شۆڕشگێڕان خەباتی نهێنی و ژێر زەمینی بكەن و دواتر هەروەك دەزانن شۆڕش ڕوویدا، ئێستاش پۆتین كەسێكی خۆسەپێنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەكێتی سۆڤیەت ساتگەلێكی كەمی دیموكراتی و دامەزراوەی ڕاستەقینەی هەبوو كە بەرهەڵستی و تەحەددی حكومەتێكی مەركەزی بەهێز بكات، ئەوا زۆر زەحمەتە كە ڕژێمێكی دیموكراتی ڕێكبخەیت و بەردەوامی پێبدەیت، و خەڵكیش زۆر ڕاهاتوون لەگەڵ بوونی حكومەتێكی مەركەزی بەهێز، كە لە زۆر ڕووەوە ڕازی دەبن یان ملكەچیان دەكەن بۆ ڕژێمێكی خۆسەپێن. لە ڕوسیادا كە بە چەند كێشەیەكی ئابووریدا تێدەپەڕێت، ئەوا ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و شكۆداركردنی ڕابردو وایان لێدەكات پشتیوانی سیاسییەكانیان بكەن بۆ گەڕانەوەی ئەو شكۆیە، كە ئەوان پێیان باشە، بەڵام ئەوە ڕابردویەكی زۆر خۆسەپێن بووە. بەڵام بیرۆكەی كۆساك كە قەیسەرەكان لە سەدەی نۆزدەدا بە ئاستێكی بەربڵاو بەكاریان دەهێنا لەلایەن پۆتینەوە خراوەتەگەڕ و لە ئێستادا هێرش دەكەنە سەر خەڵك، و لە ڕوانگەی دەرەوە ڕوسیا شێتانە ڕەفتار دەكات لە ئێستادا، بەڵام پۆتین وەك ڕەمزێك بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی كە ڕوسیا لە ڕابردودا چەند مەزن بووە و لە داهاتووشدا چەند مەزن دەبێت.
شایانی باسە پرۆفیسۆر گرین گوتی: بە شێوەیەكی گشتی ئەو شیكردنەوەیەی ئێوە ڕاستە لە ڕووی ئاماژەكردن بە هەل و مەرجەكانەوە، بەڵام لە ڕوویەكی دیكەوە دژیەكی تێدایە، لەبەر ئەوەی ئەگەر لەو شێوازە بڕوانین كە سەددام حوسێن عێراقی كرد بە دەوڵەتێكی شكستخوارد و هەروەها ئەو شێوازەی ئەمریكا بۆ داگیركاری گرتیەبەر و پاشان ناكۆكی لە نێوان شیعە و سوننەدا دروست كرد، لەم حاڵەتەی عێراقدا بۆ ئێوە وەك نەتەوەی كورد سوودی هەبوو، چونكە هەم لەسەردەمی سەدام حوسێن كە دوای شەڕی كەنداو زۆر لاواز بوو، هەمیش دوای داگیركردنی عێراق دیسان عێراق زۆر لاوازبوو، ئێوە سوودتان لەو لاوازییە وەرگرت و بوو بە دەرفەتێك كە بتوانن شێوەیەك لە خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆتان بۆ بێتە ئاراوە و ببنە كاراكتەرێكی بەهێز.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(966)دا.
