نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌

نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى شوباتى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ فارووق كایماكجى باڵیۆزى تازه‌ى توركیا له‌ عیراق كرد. له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵیۆزى تازه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ عیراق لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ توركیا، كردنه‌وه‌ى چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كى نوێى سنوورى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا، كار و پڕۆژه‌كانى كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق، فراوانكردنى قه‌باره‌ى هاتوچۆى ئاسمانى له‌ نێوان هه‌ردوولادا و بره‌ودان به‌ بواره‌ جیاكانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.
له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشى ئێستاى سیاسى و ئه‌منیى عیراق و پێشهاته‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى عیراق، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى وڵات كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى به‌تایبه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بودجه‌ و دۆسیه‌ى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئارادان.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خوازیاره‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆ له‌سه‌ر نه‌ناردنى بودجه‌ و بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ مایه‌ى قبووڵكردن نیه‌ و حكوومه‌تى عیراق نابێ مووچه‌ى كارمه‌ندان وه‌ك كارتى سیاسى له‌دژى هه‌رێمى كوردستان به‌ كار بێنێت. هه‌روه‌ها گوتى: هه‌رێمى كوردستان تازه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ و حكوومه‌تى عیراق نابێ وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكات.
Top