باران هەرێمی كوردستان و خۆڵبارین خوارووی عێراق دەگرێتەوە

 باران هەرێمی كوردستان و خۆڵبارین خوارووی عێراق دەگرێتەوە
شەپۆلێكی خۆڵبارین بۆ ناوچەكانی خوارووی عێراق بەڕێوەیە، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە‌و بەپێچەوانەوە پێشبینی باران دەكرێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گۆڕانكاری كەشوهەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەك، پێشبینی دەكرێت كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست و خوار‌ووی عێراق بە شێوەی خۆڵبارین بێت، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، پێشبینی دەكرێت رەوشەكە ئاسایی بێت و لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە."

فازڵ ئیبراهیم زیاتر گوتی:"ئەو بارانبارینە بە شێوەی پچڕ پچڕ تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".

سەبارەت بە خۆڵبارین لە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"تاوەكو ئێستا و بەپێی ئەو زانیارانەی كە لەبەردەستن خۆڵبارین هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە."










رووداو
Top