لە جەلەولا بۆ جاری دووەم چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پۆلیس
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەی جەلەولا تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە سنووری ناوچەی ئیمام وەیس لە نێوان ھەردوو ناحیەی سەعدییە و جەلەولا، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر رەبایەیەکی تایبەت بە ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی جەلەولا.
سەرچاوە ئاماژەشی دا، بەپێی زانیارییەکان لە ئاکامی پەلاماری چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پۆلیس، شەش پۆلیسی فریاکەوتنی جەلەولا کوژراون و برینداربوون، بەڵام ئەم زانیارییە بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی دا، لە دوای شەڕەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تاوەکو ئێستا بە شێوەی پچڕپچڕ شەڕوپێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و ھێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەی ئیمام وەیس بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی ئیمام وەیس لە سنووری شارۆچکەی خانەقین، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر رەبایەیەکی ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی جەلەولا و لە ئاکامدا فەرماندەی فەوجی پۆلیسی فریاکەوتنی جەلەولا عەقید فاروق عەدنان و دوو ئەفسەری دیکە کە ھەر سێکیان عەرەبن کوژران. ھاوکات ئەمڕۆ ھەر لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکان چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئیمام وەیس، پردێکیان تەقاندەوە ئەمشە بە مەبەستی رێگەگرتن لە ھێزە ئەمنییەکان و رەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ سنوورەکە.
