72 کاژێر مۆڵەت دەدرێتە چەکدارانی داعش
وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە كۆپییەكی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، رایگەیاند: "كارە جەنگاوەرییەكانی سوپای عێراق لە دژی گروپە چەكدارەكان لە شارۆچكەی فەللوجە بۆ ماوەی 72 كاژێر لە ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە رابگرێ، تاوەكو كاژێر 6ـی سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممەی داهاتوو".
وەزارەتی بەرگری عێراق هاوكات داوای لە دانیشتووانی فەللوجە كرد، چەكدارانی گروپە "تیرۆریستییەكان" لە شارۆچكەكەیان بەدەربنێن.
وەزارەتی بەرگری هاوكات هۆشداری دا لە ئەگەری قۆستنەوەی ئەو ئاگربەستە لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و (قاعیدە) بۆ هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكانی عێراق و دامودەزگا گشتییەكان.
هاوكات شێخ محەممەد بەجاری، ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەكانی فەللوجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای دەرچوونی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری عێراق، بە راگەیاندنی ئاگربەست لە فەللوجە، سوپای عێراق هێشتا بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی شارۆچكەكە".
فالح عیساوی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، پێشتر رایگەیاندبوو، كە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێشخەری ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباری پەسەندكردووە، كە جەخت لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست دەكات لە فەللوجەو راگرتنی بۆردوومانی سوپا بۆ شارۆچكەكەو كشانەوەی لە فەللوجە.
سوپای عێراق لە 21ـی مانگی كانوونی یەكەمی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە دژی چەكدارانی تووندڕە و لە پارێزگای ئەنبار دەستپێكردووە و نزیكەی دوو مانگە چەكداران دەستیان بەسەر شارەدێی فەللوجە داگرتووە.
رووداو
