له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌ت، سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌واڵێكى ڕۆژى 20ى شوباتى 2014ى سایتى هاووڵاتى به‌درۆ خسته‌وه؛ گوایه ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه نه‌یویستووه ناوى ئاشكرا بكرێت، گوتوویه‌تى: له دوایین سه‌ردانیدا بۆ توركیا، نێچیرڤان بارزانى سێ داواكارى له ئه‌ردۆغان كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نه‌بوونى پاره له بانكه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌وه‌ى توركیا یان قه‌رز، یان له پاره‌ى نه‌وتى عیراق له توركیا و یانیش 17%ى داهاتى نه‌وتى عیراق كه له توركیا ده‌فرۆشرێت بداته حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام هه‌رسێ داواكه ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه!.
دزه‌یى گوتى: ئه‌م هه‌واڵه هیچ بنه‌مایه‌كى نیه و له هه‌موو ڕاستیهكهوه دووره، چونكه گفتوگۆكان ته‌نیا ده‌رباره‌ى دۆسیاى نه‌وت بووه و هیچ داواكارییهكى وا له لایه‌ن سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه له ئه‌ردۆغان نه‌كراوه. بۆیه ئه‌م هه‌واڵه ته‌واو دروستكراو و هه‌ڵبه‌ستراوه و ئه‌گه‌ر وایه فه‌رموو با ئه‌و ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسییه كه گوایه نه‌یویستووه ناوى ئاشكرا بكرێت، به ئاشكرایى لێدوانێكى وا بدات.