وەزارەتی پەروەردە وادەی خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی راگەیاند

 وەزارەتی پەروەردە وادەی خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی راگەیاند
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیان لە عێراق لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو و دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 دەستپێدەكات.

سەلامەلحەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە عێراق، كە بە 30 هەزار دینار دیاریكراوە بۆ ساڵی خوێندنی 2014-2015 ولە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو و دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 دەستپێدەكات".

سەلامەلحەسەن گوتیشی "دەرماڵەی قوتابیانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە عێراق كە بە 50 هەزار دینار دیاریكراوە بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016 و لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015 دەستپێدەكات".

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق راشیگەیاند ئەو دەرماڵەیە ئەو قوتابییانە ناگرێتەوە كە لەقۆناغەكانی خوێندن دەمێننەوەو ئەوانەی كار دەكەن و ئەوانەی ژمارەی رۆژانی نەهاتنیان بۆ دەوام لە 25 رۆژ تێدەپەڕێ.

سەلامەلحەسەن ئاماژەی بەوەشدا كە خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیان بە گشتی لە عێراق ماوەی 9 مانگ دەبێ لە هەموو ساڵێك بەو واتایەی لە كاتی پشووی وەرزی هاوین دەرماڵە بۆ قوتابیان خەرج ناكرێ.

یاسای خەرجكردنی دەرماڵە بۆ قوتابیانی عێراق لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2013 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو جەخت لەسەر خەرجكردنی 30 هەزار دینار دەكات بۆ قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی و 50 هەزار دینار بۆ قوتابیانی قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی.

ئەمە لەكاتێكدایە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2014 ماوەی چەند مانگە بەهۆی بڕگە جێناكۆكەكانی لە پەرلەمانی عێراق چەقی بەستووە.












رووداو
Top