هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەستیپێکردەوە

 هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەستیپێکردەوە
کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق رایگەیاند، کە هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێکردەوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق بە تۆڕی میدیای عێراقی نیمچە فەرمی راگەیاند: "دوای چوار رۆژ لە راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک بەرێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک-جەیهان، بەهۆی تەقاندنەوەی بۆرییەکە لەلایەن چەکدارانی تووندڕەوەوە لە ناوچەی حەزەر لە نەینەوا، ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوت کەرکووک دەستیپێکردەوە".

سەرچاوەکە راشیگەیاند، "ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بەرێگەی بۆری کەرکووک-جەیهان دەگاتە نێوان 300 بۆ 325 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا".

ئەمە لەکاتێکدایە عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، عێراق 69 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی دەرەوە كردووە، كە داهاتەكەی 7 ملیار و 740 ملیۆن دۆلاربوو".

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیشی کردەوە، کە "6 ملیۆن بەرمیل لەو نەوتە لە رێگەی كەركووكەوە هەناردەكراوە، كە داهاتەكەی 620 ملیۆن دۆلار بووە، هاوكات لە رێگەی بەسرەوە 63 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، كە داهاتەكەی 6 ملیار و 454 ملیۆن دۆلار بووە".

عاسم جیهاد راشیگەیاند، "بەتێكڕا لەو مانگەدا هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەکراوی عێراق بە 102 دۆلار و 373 سەنت فرۆشراوە".









رووداو
Top