دزەیی رێککەوتنی هەولێر و بەغدای رەتکردەوە
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نەهاتووەتە ئاراوە و ئەوەی باس دەکرێ لەبارەی رێککەوتنێکی هاوشێوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە رێگەی کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بێ بنەمایە".
دزەیی گوتیشی "لە دانووستاندنەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنی عێراقی لە بەغدا بە سەرۆکایەتی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، شەهرستانی گوتی من سەرپشک نەکراوم لەبارەی پشکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە قسە بکەم".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "شاندی هەرێمی کوردستان لە دوایین سەردانی بۆ بەغدا کۆمەڵێک پێشنیازی داوەتە بەغدا و چاوەڕوانی وەڵامی بەغدا دەکەین لەسەر ئەو پێشنیازانە، چوونی شاندی کوردستان لە داهاتوودا بۆ بەغدا لەسەر ئەو وەڵامە دەوەستێ".
ئەمە لەکاتێکدایە حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بە مەرجی هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ) رازی بووە، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان هەردوولا لە بارەی پرسی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە چارە دەکات".
شەهرستانی گوتیشی، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لە بەغدا رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی چەند نوێنەرێکی کورد لە کۆمپانیای (سۆمۆ) بۆ بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە هاوبەشی".
رووداو
