ئاسایشی خورماتوو: فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بۆردوومانی پێشمەرگە دەكەن

 ئاسایشی خورماتوو: فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بۆردوومانی پێشمەرگە دەكەن
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق بۆردوومانی زنجیرەچیای هەنجیرەیان كردووە لەشارۆچكەی خورماتوو، كە لیوای 16ی هێزی پێشمەرگەی لێنیشتەجێیە. بەڵام ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.

فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو چەند فڕۆكەیەكی سەربازی سوپای عێراق هاتوونە سەر چیای هەنجیرە و زۆر بە نزمی بەسەر ناوچەكەدا فڕیوون، هێزەكانی پێشمەرگەش بۆ دوورخستنەوەیان تەقەیان لە فڕۆكەكان كردووە و فڕۆكەكانیش ناوچەكەیان بۆردوومان كردووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندی بەچەند پێشمەرگەیەكەوە كرد لەبارەی چۆنییەتی هێرشەكە، بەڵام ئەوان باسیان لەوە كرد كە سەرەتا فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بۆردوومانی كردوون و ئەوانیش بەفەرمانی سەرووی خۆیان وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە .

فارووق ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، عەبدولئەمیر زەیدی، فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنی دیجلە هێزی پێشمەرگەی تۆمەتباركردووە بەوەی كە تەقەیان لە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق كردووە.

سەرچاوەیەكیش لەسوپای عێراق هێرشەكەی بەهەڵەیەكی هونەری لەقەڵەمدا، بەڵام ئەوپێكدادانەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هیچ قوربانییەكی لێنەكەوتووەتەوە، پێشمەرگە لەسنووری كفریەوە نزیكەی 3 كیلۆمەتر لەو شەڕوپێكدادانە دوورە و لە سنووری خورماتووشەوە نزیكەی 7 كیلۆمەتر دوورە.

بەڵام فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رەتیكردەوە كە هیچ پێكدادانێك لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق روویدابێت و گوتیشی "پێشمەرگە تەقەی لە هیچ هێزێك نەكردووە".

لە روونكردنەوەیەكیشدا، وێڕای رەتكردنەوەی پێكدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەبارەی دروستكردنی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، جەبار یاوەر جەختدەكاتەوە، هیچ جۆرە دانیشتن، كۆبوونەوە، رێككەوتن، نووسراو ناردن، داواكاری ناردنی هێز یان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق نەبووە و روینەداوە.

هێرشەكەی دوێنێ‌ شەوی سوپای عێراق بۆسەرهێزی پێشمەرگە لەكاتێكدایە كەشەڕ و پێكدادانەكانی سوپای عێراق و گرووپە چەكدارەكان لەناحیەی سلێمان بەگ بەردەوامی هەیە، بۆجارێكی دیكە ئەمڕۆ گرووپە چەكدارەكان ئەو ناحیەیان خستە ژێركۆنترۆڵی خۆیانەوە و ئێستاش سوپای عێراق بەتەواوی لەو ناوچەیە پاشەكشێی كردووە.














رووداو
Top