لە ئامەد یادی مستەفا بارزانی دەکرێتەوە

لە ئامەد یادی مستەفا بارزانی دەکرێتەوە

چەند سیاسەتمەدار و روناکبیر و نووسەر و لێکۆڵەر بەشدار دەبن

لە کرمانجییەوە: تەها حوسێن
پلاتفۆرمی دیموکراسی کورد (PDK)، رایگەیاند “بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی بارزانی نەمر لە 2ی مانگی ئاداری داهاتوودا لە ئامەد یادەوەرییەک ساز دەکرێت”.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە، یادکردنەوەکە لە هۆڵی ناوەندی نماییش و کۆنگرەکان دەبەسترێت بە بەشداری جەعفەر ئیمینکی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، نووسەرو لێکۆڵەر د. قادر یەلدرم، ئیسماعیل بەشکچی و وحدەدین ئینجە تیایدا بەشدار دەبن.
یادکردنەوەکە بە گوتنەوەی سروودی (ئەی رەقیب) دەستپێدەکات، سەرتاج بوجاک سەرۆکی پلاتفۆرمی کورد وتەیەک پێشکەش دەکات تیایدا باسی بەرخودانی بارزانی و تێکۆشان و کاریگەرییەکانی شۆرشی ئەیلول لەسەر باکووری کوردستان دەکات، پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی جەعفەر ئیمینکی گوتارەک لەسەر ژیانی مستەفا بارزانی پێشکەش دەکات.
لێکۆڵەر قادر یەڵدرمیش لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ژیانی خانەوادەی بارزانی بەتایبەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر مەلا مستەفا بارزانی پێشکەش دەکات، بەشکچیش لەبارەی تێکۆشانی نەتەوەیی کورد بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی لە کوردستانی باشوور و کاریگەرییەکانی ئەو تێکۆشانە لەسەر پارچەکانی تری کوردستان وتەیەک پێشکەش دەکات.
لەهەمان یادکردنەوەدا فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر ژیان و تێکۆشانی مستەفا بارزانی پیشان دەدرێت، وەحدەین ئینجەش باسێک سەبارەت بە کاریگەری بارزانی لەسەر پیاوانی ئایینی کوردستان دەکات.
لەبارەی ئەم یادکردنەوەیەدا ئوجەک گوتی “ویستمان ئەم یادکردنەوەیە بخەینە چوارچێوەیەکی زانستییەوە، بۆیە چەندین نووسەر و لێکۆڵەر و ئەکادیمسیتەکانی وەک قادر یەڵدرم، ئیسماعیل بەشکچی، وەحدەدین ئینجە و جەعفەر ئیمنکی بەشداری لەم بەرنامەیەدا دەکەن”.
جێی باسە مستەفا بارزانی لە 1ی ئازاری 1979 لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کوچی دوایی کرد.









باسنیوز
Top