ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی نوری مالیكی بودجه‌ی مانگی شوباتی هه‌رێمی راگرت

ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی نوری مالیكی بودجه‌ی مانگی شوباتی هه‌رێمی راگرت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان فازل نەبی بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق گوتی:
بەغدا هیچ پاڵپشتێكی یاسایی نییە كە مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت، هەروەها پاساوێكی دارایشی نییە، پاڵپشتی یاسایی نییە، چونكە هیچ یاسایەك نییە كە بڵێت مووچەی كوردستان ببڕێت، پاساوی دارایشی نییە چونكە رەوشی دارایی حكومەتی بەغدا لە مانگی دوو زۆر لە مانگی یەك باشتر بووە، كە مووچەی مانگی یەكمان نارد، دەبووایە مووچەی مانگی دوو لە 7و8 ی ئەم مانگە بناردرایە، بەڵام بەداخەوە تا ئەو ساتەش كە هەروەك باسم كرد ناردنی مووچە لە لایەن حكومەتی بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان راگیراوەو نەناردراوە.
هەروەها فازل نەبی گوتی : ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت،‌ دەبێ كورد گوشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا، لەم رۆژانەدا حكومەتی هەرێم وەڵامی پێشنیارەكانی حكومەتی بەغدایان دابۆوە لەسەر كێشەكانی نەوت و بودجە، جەنابی دكتۆر رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ هەوڵ دەدات دانیشتنێك رێك بخات لە نێوان هەردوولادا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام ئومێدمان وایە حكومەتی بەغدا دیراسەتی وەڵامەكەی هەرێم بكات و لەم هەفتەیەدا حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان دابنیشن و لەم كێشانە بكۆڵنەوە.
شایانی باسە نەبی باسی دژایەتی كردنی كوردی كرد و گوتی: بە داخەوە زۆربەی سیاسەتمەدارەكانی عەرەب دژایەتی كردنی كوردیان كردۆتە ناونیشانێك بۆ ئەوەی سۆزی شەقامی عەرەب بۆ خۆیان رابكێشن، زۆر هەڵەیە دوژمنایەتی میللەتێك بكەیت بۆ ئەوەی خەڵك بۆ خۆت رابكێشیت، بەڵام ئێستا عەرەب لە راستییەكە گەیشتوون و ئەم هەوڵەش بێ گومان سەركەوتوو نییەو شكستی هێناوە.
دوایین وتەی فازڵ نەبی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: دەبێ گەشبین بین بەرامبەرئاییندەو بە بۆچوونی من تۆزێك هەوڵ لە ئارادایە ئەم كێشانە بەرەو چارەسەر بچن كە سوود و بەرژەوەندیی هەردوو لای تێدایە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارەی(965)دا.

Top