سبەی شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا

 سبەی شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‌و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكرانی كوردستان بڕیاردرا سبەی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بچێتە بەغدا.

ئەمڕۆ یەكشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێ و بڕیاردرا پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەت و لەماوەیكی نزیكدا رابگەیەنرێت.

بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سبەی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەچێتەوە بەغدا، بۆیە قسە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو سەردانە كراوە.

رووداو زانیویەتی شاندەكەی هەرێمی كوردستان، ئەندامەكانی هەمان ئەندامانی پێشترن، بەتایبەتی وەزیرانی سامانە سروشتییەكان و پلاندانان، چونكە راستەوخۆ پەیوەندییان بە پرسە هەنووكەییەكانی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە.

گرنگیی گەیشتن بە بڕیارێكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق سەبارەت بە ناكۆكییەكانی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت و پرسی پێشمەرگەو بودجەی گشتی، بەردەوامیی بە دانوستاندنەكانی نێوان هەردوولا دەدات.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئامانجی سەردانەكە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، بۆ دوو تەوەری سەرەكی دەبێت كە یەكێكیان سەبارەت بەو گرفتەی بودجەیە كە ئێستا هەیە و لە پەرلەمان تاوەكو ئێستا گفتوگۆی لەسەر نەكراوە ولایەنی كوردی پێی رازی نییە، كە كەموكوڕی‌و كۆمەڵێك ناحەقی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستانی تێدایە، دووەمیش لەسەر دۆسیەی وزە دەبێت."







رووداو
Top