راوێژكارێكی مالیكی: سەرقاڵی تاوتوێكردنی وەڵامەكەی هەرێمی كوردستانین

 راوێژكارێكی مالیكی: سەرقاڵی تاوتوێكردنی وەڵامەكەی هەرێمی كوردستانین
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێ، سەرقاڵی تاوتوێكردنی وەڵامەكەی هەرێمی كوردستانین و پێشوازيش لەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی دەكەین بۆ بەغدا.

عەلی موسەوی، راوێژكاری راگەیاندنی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، حكومەتی عێراق ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی وەڵامەكەی هەرێمی كوردستانە لەبارەی پێشنیازەكانی بەغدا بۆ چارەسەركردنی پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

راوێژكارەكەی مالیكی ئاماژەبەوەدەكات، هەرێمی كوردستان وەڵامەكەی ناردووە بۆ حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەغدا بەشێوەیەكی فەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو وەڵامە رانەگەیاندووە و سەر‌قاڵی تاوتوێكردنیەتی.

ناوبراو هیوای خواست هەموولایەك هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و ئەو پرسە بە زوترین كات چارەسەربكەن، راشیگەیاند مالیكی سوورە لەسەرئەوەی ئەو دۆسیەیە لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراق چارەسەر بكرێت.

لەبارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەغدا، موسەوی رایگەیاند، پێشوازی لەو سەردانە دەكەین.

نەجیب بالەتەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكشەممەی داهاتوو بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی بەغدا بكات، ئامانجی سەردانەكەش بۆ تاوتوێكردنی بودجەو پرسی نەوت دەبێت.

بالەتەیی ئەوەشی گوت "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان نوێنەرانی كورد و حكومەتی عێراق، كورد پێداگری لەسەر دواخستنی تاوتوێكردنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق كرد، تاوەكو یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پشكی كورد و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان".








رووداو
Top