سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لێدوانێكی راگهیاند
شاندە یاوەرەكەی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و مستەفا سەید قادر و جەلال جەوهەر و محەمەد حاجی و ئارام شێخ محەمەد و ئاكۆ حەمە كەریم.
لە دانیشتنێكی دۆستانە و ئیجابیدا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندی میوان بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرەتا باسی ئەو سەردان و چالاكییانە كرا كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم لە سەردانەكەی بۆ وڵاتانی ئەورووپایی ئەنجامی دابوو.
بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆسپ و تەگەرانەیش خرانە بەر باس كە كەوتوونەتە بەردەم پرۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو كۆسپێك لە پرۆسەكەدا لابدرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پرۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنەكان ئەنجامی لێ بكەوێتەوە. بەڕێز سەرۆكی هەرێم و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پەیوەندی و دانوساندنی بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا هەبێت.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕالیش تاوتوێ كران.
د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
13ـی 2ـی 2014
