نامەیەکی نێچرفان بارزانی دەگەیەندرێتە شەھرستانی
خەیروڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند نامەیەکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەیاندراوەتە دەستی حوسێن شەھرستانی.
گوتیشی: دوێنێ ١١/٢/٢٠١٤ نامەیەکی نێچیرفان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەیاندراوەتە دەستی حوسێن شەھرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ کاروباری ووزە ، ئەو نامەیە تایبەتە بە کێشەی بودجە و پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
وەزیری بازرگانی عێراق تەواوی ناوەرۆکی نامە کەی بارزانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوەدا لە نامەکە خاڵ و پێشنیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەردوولای تێدایە.
گوتیشی: بە بۆچونی من کێشەکان بەرەو چارەسەر بوون دەروات و لەو چەند رۆژە شتی تازە لە نێوان بەغدا و ھەولێر دێتە پێشەوە و چاوەروانیش دەکرێت وەفدێکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات.
لە لای خۆشیەوە عادل عەبدوڵڵا پەرلەمانتتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ، رای گەیاندوە سبەینێ پێنج شەممە ٢٠١٤/٢/١٣، نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقو وەفدێکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە.
گوتیشی: کۆبوونەوەکە بەمەبەستی چارەسەکردنی ئەو بڕگەیەیە کە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا ھەیە سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت، ھەم بۆ چارەسەکردنی ئەو قەیرانەش کە بانکەکانی ھەرێم تووشی بوون، لە کۆبوونەوەکەدا داوادەکرێت کە حکومەتی عێراق پارە بنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردوە کە پێناچێت سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بێتە بەغدا، بەڵکو وەفدەکە لە ئاستی وەزیرو بریکاری وەزیر دەبێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە کێشەی بودجە کەوتۆتە نێوان بەغدا و ھەولێر و بەھۆیەوە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان وەکو پێویست ناگاتە ھەرێمی کوردستان ئەوەش کێشەی بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست کردوە.
PNA
