کۆبوونەوەکانی پەڕلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە ناساندنی جینۆسایدی کورد بەردەوامیان هەیە
پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە 2014/2/13 کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی جینۆسایدی کورد دەبەستێ کە بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بانگهێشتکراوە.
پاش تاوتوکردنی پرسی جینۆسایدی کورد لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا هەفتەی ڕابردوو لە ستراسبورگ، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بەو پرسە بەردەوام دەبن و لە برۆکسل کۆوونەوەیەکی تایبەت لە لایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی عێراق لە پەڕلەمانی ئەورپا لە ژێر ناونیشانی ''جینۆسایدی کورد لە سەردەمی سەدام'' دەبەسترێ، وا بڕیارە کۆبوونەوەکەی پەڕلەمانی ئەوروپا بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی ئەوروپی و کۆمسیۆنی ئەوروپا بێ و هەروەها وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندێکی یاوەری لە ڕاوێژکارانی وەزارەتی ناوبراو بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەبن.
لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە پاش داواکەی سەرۆک بارزانی پەرلەمانی ئەوروپا جیدیتر لەگەڵ ئەو پرسە مامەڵە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ پەڕلەمانی ئەوروپا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە هەولەکانی بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی کە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە دەردەکات.
