ئەشواق جاف: بەغدا بەنەدانی مووچە دەیەوێ‌ رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكا

ئەشواق جاف: بەغدا بەنەدانی مووچە دەیەوێ‌ رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكا
نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حكوومەتی عێراق مووچەی هەموو پارێزگاكانی دیكەی ناردووە جگە لەهەرێم بۆ ئەوەی لەو رێیەوە رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكات.



ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: بەغدا مووچەی هەموو پارێزگاكانی عێراقی ناردووە تەنیا هەرێمی كوردستان نەبێ‌ و دەیەوێ‌ بەبیانووی پێداچوونەوە رەوشی هەرێم ئاڵۆز بكات.

ئەشواق جاف گوتی: بیانووەكەی بەغدا بۆ نەناردنی مووچەی هەرێم زۆر بێبنەمایە و بەو بیانووەی ئەمە دۆسیەی نەوت و گومرك نییە تا بەدواداچوونی بۆ بكەن و وردبینی بۆ مووچەی هەرێم بكرێ،‌ بەڵكو بیانووە بۆ تێكدانی رەوشی ئارامی هەرێمی كوردستان.


بە گوتەی ئەم پەرلەمانتەرە، نارنی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاكانی عێراق لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بەبێ‌ جیاوازی هیچ منەتێكی تێدا نییە، چونكە ئەوە مافێكی سروشتی خۆیانە و ناكرێ‌ یاری بەباری ئابووری خێزان و تاكی ئەم وڵاتەوە بكرێ‌.



ئەشواق جاف هەروەها گوتی: نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی بیانوویەكی یاسایی و كارگێڕی بێ،‌ بیانوویەكی سیاسییە. بەو پێیەی كەحكوومەتی ناوەندی شكستی هێناوە لەدۆسیەكانی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەعێراقدا دەیانەوێ‌ ئەو شكستەی خۆیان بشارنەوە بەدروست كردنی نارەزایەتی فەرمانبەرانی هەرێم بەنەناردنی مووچەكانیان لەناوەندەوە بۆهەرێم تاوەكو فەرمانبەران لەحكوومەتی هەرێم نیگەران بكەن.



ئەم پەرلەمامتارەی فرکاسیۆنی کوردستانی گوتی: لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەین. ئەگەر بڕیارەكەیان ئەرێنی نەبوو ئەوا پەرلەمانتارانی كورد لەبەغداد هەڵوێستی یاساییمان دەبێ‌ بەرامبەر بەو هەنگاوەی ناوەند دژ بەهەرێم، ناكرێ‌ پەرلەمانتارە كوردەكان مووچەكانیان وەربگرن و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێ‌ مووچە بن.
Top