بەغدا بەڵێنی ناردنی مووچەی دا
دكتۆر مەجید حەمەئەمین، وەزیری تەندروستی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "نووری مالیكی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا موچەی مانگی شوباتی 2014 بۆ هەرێمی كوردستان خەرجبكات، بەڵام ئەوە تەنها بەڵێنی مالكییە نەك بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران".
دكتۆر مەجید گوتیشی "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزیرانی كورد و سەفائەددین سافی، وەزیری دارایی عێراق بەوەكالەت كەوتنە مشتوومڕی تووند، چونكە سافی سووربوو لەسەر خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان".
وەزیری تەندروستی عێراق راشیگەیاند، كە وەزیری دارایی عێراق بەوەكالەت جەخت لەوەدەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان 10 ملیار دۆلار قەرزاری بەغدایەو دەبێ ئەو قەرزە بداتەوە ئینجا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجدەكات".
دكتۆر مەجید حەمەئەمین ئاماژەی بەوەشدا، كە "هیچ گەرەنتییەك نییە مالیكی بەڵێنەكەی بباتە سەر و مووچەی مانگی شوباتی 2014 بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجبكات".
ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی دانانی مەرجی هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە و رادەستكردنی داهاتی ئەو نەوتە بۆ بەغدا، كە حكومەتی عێراق لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2014 دایناوە، بودجە چەقی بەستووە.
هاوكات ماوەی دوو مانگە بەدوای یەكەوە، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوادەكەوێ، دوێنێش رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خەرجنەكردنی بڕە پارەی مووچەیە لەلایەن بەغداوە.
رووداو
