ئێستا شەڕێكی ناوخۆیی مەزهەبی لەنێوان شیعە و سوننە لە عێراق و سوریا هەیە و ئاكامەكەشی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە

ئێستا شەڕێكی ناوخۆیی مەزهەبی لەنێوان شیعە و سوننە لە عێراق و سوریا هەیە و ئاكامەكەشی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە
لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ستیفن بیدل : پێموایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆژئاوایی خۆیان لە دەستێوەردانی سەربازی لادەدەن و كارەكانیان لە هاوكاری مرۆیی و لێدوانی سیاسی و دیپلۆماسیدا كورت دەكەنەوە، بەلای كەمەوە بۆ ماوەیەكی دیكە. ئاشكرایە هێزەكانی دیكە زەقتر دەستێوەردانیان كردووە، وەك سعودیە و قەتەر و ئێران و روسیا، بەڵام پێموایە بۆ ماوەیەكی دیكەش رۆژئاوا خۆی لە دەستێوەردانی سەربازی لادەدات.

هەروەها ستیفن دەڵێ: بە گوێرەی پێناسەی ئەكادیمی بۆ شەڕی ناوخۆ، ئەوا سوریا لە شەڕی ناوخۆدایە، میسر لە شەڕی ناوخۆدایە و عێراقیش لە شەڕی ناوخۆدایە كە توندتر دەبێت. ئاشكرایە بەشێكی ئەمە لەمیسر و سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، بەڵام لە عێراقدا پەیوەندیەكی زۆری پێوە نییە. یەكێك لە كاریگەریەكانی بەهاری عەرەبی ئەوەبوو كە ئەو دابەشبوونە مەترسیدارەی نێوان شیعە و سوننەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی بە دابەشبوونێكی توندوتیژ و شەڕێكی راستەقینە لە شوێنێكی وەك سوریا، و هەروەها ئەگەرەكانی ئەو شەڕە راستەقینەیەی زیاتر كرد لە عێراقدا، بەهۆی ئەو كێشانەی پێش بەهاری عەرەبی بوونیان هەبوو. سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستانیش، ئەوا ئەدەبیاتی یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون ئەوەمان پێ دەڵێن كە ئەگەر تیرۆریستان لە دەرەوەی ئەو وڵاتەی شەڕی تێدایە نەوایەكیان هەبێت داڵدەیان بدات، ئەوا ئەگەری سەركەوتنیان زیاتر دەبێت.

شايەنی باسە بیدل باسی شەڕی شیعە و سوننە دەكات و ووتی: زۆر زەحمەت دەبێت بۆ كوردستان كە خۆی بە دوور بگرێت لە شەڕی نێوان شیعە و سوننە لە عێراقدا كاتێك توندتر دەبێتەوە. بەشێكی كێشەكە ئەوەیە ئەلقاعیدە دەستڕۆیشتووە لە ناوچەیەكدا كە زۆر نزیكە لە كوردستانەوە، لە باكوری عێراق. هەروەها بەشێكی دیكەی كێشەكە ئەوەیە لایەنێك یان دوولایەنی شەڕەكە بەرژەوەندیان هەبێت لە بەرفراوانتركردنی شەڕەكە، كاتێك ئەم شەڕە توندوتر دەبێتەوە. لەبەر ئەوە لەبەر چەندین هۆكاری جیاواز كوردستان بەرژەوەندیەكی بەهێزی هەیە لەوەی چارەسەرێك بۆ ناكۆكی مالیكی و سوننەكان بێتەئاراوە، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شەڕی ساڵی 2006.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارەی(964).

Top