دوو پارێزگار و دوو سەرۆك ئەنجوومەن دیالە بەڕێوەدەبەن

 دوو پارێزگار و دوو سەرۆك ئەنجوومەن دیالە بەڕێوەدەبەن
جێگری پارێزگاری دیالە رایگەیاند دیالە ئێستا دوو پارێزگار و دوو سەرۆك ئەنجوومەنی پارێزگای هەیەو هەردوولاش سوورن لەسەر یاساییبوونیان و لە ململانێدان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دیالە.

كەریم زەنگەنە، جێگری یەكەمی پارێزگاری دیالە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "دیالە ئێستا دوو پارێزگار، كە بریتین لە عومەر حومەیری و عامر موجەمەعی، كە سەر بە هاوپەیمانی عێراقییەی دیالەن، هاوكات دیالە دوو سەرۆك ئەنجوومەنی هەیەو هەردوولاش سوورن لەسەر یاساییبوونیان و لەململانێدان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری پارێزگاكە".

زەنگەنە گوتیشی "لایەنە سیاسییەكانی دیالە لەپێشی هەمووشیانەوە كورد هەوڵی چارەكردنی كێشەی پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی دیالە دەدەن، بەڵام هیچ چارەیەك هێشتا لەئارادا نییەو ئەو دۆخە نالەبارە بووەتە هۆی شڵەژانی رەوشی ئەمنی دیالە".

هاوكات عامر موجەمەعی، كە یەكێكە لە دوو پارێزگارەكەی دیالە رایگەیاند: "هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە دیالە بڕیاری داوە لە حكومەتی ناوخۆیی ئێستای دیالە بەشدار بێ و هەفتەی داهاتووش ئەنجوومەنی پارێزگا دانیشتنێك گرێدەدات بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی جێگرانی پارێزگار و پۆستە باڵاكانی دیكە".

ئەمە لەكاتێكدایە بەرەی بەرهەڵستكاری موجەمەعی كە پێشتر لە شارۆچكەی خانەقین كۆبوونەوەو عومەر حومەیریان بە پارێزگاری دیالە هەڵبژاردەوە رایگەیاند كە پرسی شەرعییەتی حكومەتی دیالەی بە سەرۆكایەتی حومەیری بۆ پەرلەمانی عێراق بەرزكردووەتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی.









رووداو
Top