كەس و كاری تووشبوانی ئۆتیزم داواكارییان هەیە

كەس و كاری تووشبوانی ئۆتیزم داواكارییان هەیە
بەمەبەستی خستنە ڕووی داواكارییەكانیان، دایك و باوانی ژمارەیەك لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم خۆپیشاندانێكیان بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامداو لەوێدا بەیاننامەیەكیان پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە ژمارەیەك داواكاری بۆ منداڵانی ئۆتیزم تێدایە.



یەكێك لە ڕێكخەرانی ئەو خۆپیشاندانە بەناوی ماجید نوری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ئەم خۆپیشاندانە دەرەنجام وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانە كە بەردەوام دوادەكەوێت كە دەبووایە ئەم داواكارییانەی منداڵانی ئۆتیزم هیچ دواخستنێكی تێدا نەبووایە. پاشانیش لە خۆپیشاندانەكەدا بەیاننامەیەك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرا كە ژمارەیەك داواكاری تێدایە, لەوانەش كردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە پارێزگاكانی هەرێم و دابینكردنی پاركی تایبەت و پێدانی ئیمتیازی تایبەتی وەك موچەو زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون.



هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا كە لە خۆپیشاندانەكەدا ئەنجامدرابوو باسی ئەوەكرا لە كوردستاندا زیاتر لە 600 منداڵ نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیەو لە سنووری پارێزگای سلێمانیش لە دوو هەفتەی منداڵ بووندا 5 منداڵیان نەخۆشی ئۆتیزمیان لەگەڵدایە. بەڵام بەهۆی دواكەوتنی جێبەجێ كردنی داواكارییەكانیان ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو نەخۆشییە پەرە دەستێنێت.
Top