کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا کۆتاییهات
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لەگەڵ شاندێكی حیزبەكەی، كە پێكهاتبوو لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی گەیشتە سلێمانی.
كۆبوونەوەكە، كە دوور لە چاوی میدیا بەڕێوەچوو كۆتاییهات و هیچ ئەنجامێكیشی بۆ راگەیاندنەكان باس نەكرا.
پێشتر شەماڵ عەبدولوەفا، بەرپرسی ژووری پەیجووری بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت "ئێمە وەك گۆڕان نەرمیی زۆرمان نواندووە بۆئەوەی حكومەت زوو پێكبێت".
روونیكردەوە ، كە بۆ ئەو مەبەستە 3 سیناریۆیان داوەتە پارتی بۆ ئەوەی یەكێكیان هەڵبژێرن، "بۆیە رەنگە ئەمڕۆ وەڵامی یەكێك لە سیناریۆیانەمان بدەنەوە".
رووداو
