سەرۆك وەزیرانی پێشووتری مالیزیا: كورد مافی خۆیانە دەوڵەتیان هەبێ
دكتۆر مەهاتیر محەممەد، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری مالیزیاو سیاسەتمەداری ناسراوی جیهانی ئیسلامی، لەكاتی پێشوازیكردنی خوێندكارێكی كورد كە لەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەخوێنێ گوتوویەتی "كورد مافی دەوڵەتی خۆیان هەیە". بڕوایشی وایە كورد چانسی زیاترە لە عێراق بۆ پێشكەوتن.
دكتۆر مەهاتیر محەممەد كە 22 ساڵ سەرۆك وەزیرانی مالیزیا بووە و بە باوكی مالیزیای مۆدێرن دادەنرێ، گوتیشی: "كوردستان لە بەشەكانی دیكەی عێراق سەقامگیرترە، لەبەرئەوە چانسی كورد بۆ پێشكەوتن زیاترە".
دكتۆر مەهاتیر محەمەد، كە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە رەخنەگرێكی سەرسەختی سیاسەتەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دادەنرێت، دەشڵێ: "گەورەترین هەڵەی رۆژئاوا ئەوە بوو كە ئەو كاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشكرد، كوردستانیان نەدا بە كوردەكان و دەوڵەتێكیان بۆ كوردەكان دروست نەكرد".
ئێستا پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی لە زۆر رۆژنامەو ناوەندە ئەكادیمییەكانی جیهان باسی لێوەدەكرێ، كە هەندێك دژی دەوەستن و هەندێكیش پاڵپشتی دەكەن. یەشار یاكیش، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان AKP و یەكەم وەزیری دەرەوەی توركیا بووە، گوتی "میلـلەتێكی گەورەی وەك كورد خەیاڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان هەیە، ئەم خەیاڵەش رەوایە، پێویستە دانی پێدان بنێین، بەڵام بەدیهاتنی ئەم خەونە بەستراوەتەوە بە هەوڵەكان".
یاكیش ئاماژە بەوە دەكات "لە عێراق هەرێمی كوردستان درووستبووە، لە سووریاش ئەو قۆناخەی پێیگەیشتوون بە ئاسانی دەستبەرداری نابن، ئەگەر بێت و رژێمی بەشار ئەسەد سەركەوتووش بێت، ناتوانێ لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بەسەر كوردەكان بسەپێنێ".
هەروەها پیتەر لیوكیمسۆن، نووسەر و رۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، لە وتارێكدا باس لە بەهێزبوونی پێگەی كورد دەكات لە ناوچەكەو پێیوایە خەونی گەلی كورد بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان نزیكە.
ئەو نووسەرە رەخنە لەوە دەگرێت، كە لایەنە كوردییەكان زۆبەی جار یەكدەنگ نین و پێیشیوایە پارتەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان هەریەكەو بەشێوەیەكی جیاواز بیر لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەنەوە، شكستهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردیش بە نموونە دەهێنێتەوە.
رووداو
