هەفتەی داهاتوو فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان دابەش دەكرێن
ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا د.احمد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم رایگەیاند: دوای ئامادەكردنی فۆرمی تایبەت بە ئاشكراكردنی سەروەت وسامان كە لە یاسادا دیاری كراوەو دوای بڵاوبوونەوەشی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان ڕێنمایی تایبەتیش ئامادەكراوە ئەو فۆرمەش تەنها بۆوەرگرتنی زانیاریە ئەگەركەسێك تۆمەەتباربێ بەگەندەڵی ئەو كاتە لێكۆڵینەوە لەزانیاریەكان دەكرێ.
د.احمد ئەنوەر ئەوەشی خستەروو: كە ماوەی مانگێك دیاری كراوە بۆ پڕكردنەوەی زانیارییەكان لەو فۆڕمەدا، دوای ئەویش ناوی هەر بەرپرسێك بڵاودەكرێتەوە كە زوو فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە، و ناوی ئەو بەرپرسانەش بۆ ڕای گشتی بڵاودەكرێتەوە كە دوادەكەون لە پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە.
یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2011 دەسەڵاتی داوە بە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی زانیارییەكان لەسەر بەرژەوەندییە داراییەكانی ئەو 11 پلەیەی كە لە بەندی سێیەمی بڕگەی حەوتەمی ماددەی پێنجەمی ئەو یاسایەدا هاتووە، ئەوانیش:
سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەیی و سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و جێگرەكەیی و وەزیر و پلەدارەكانی وەزیرو بریكارەكانی وەزارەتەكان و سەرۆكی دەستەی دەسپاكی و جێگرەكەیی و هەموو بەرێوەبەرانی گشتی دەستەو لێكۆڵەرانی و خاوەن پلە تایبەتییەكان و بریكارو یاریدەدەرانیان و بەرێوەبەرانی گشتی و یاریدەدەرانیان و دادوەران و داوا كارانی گشتی و سەرپەرشتیارانی دادی و لێكۆڵەران و سەرۆكی یەكی ئیداری و ئەندامانی ئەنجوومەنی قەزاو ناحیەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و هەركەسێك بەپێویست بزانرێت زانیاری لەسەر سەروەت و سامانەكەی وەربگیرێت ئەگەر لە كەرتی تایبەتیدا بێت.
