مسعود بارزانی سەلماندویەتی سەرۆكێكی لێهاتووەو حكومڕانیەكی لۆژیكانە دەكات بۆیە هەموو جیهانیش رێزی لێدەگرێت

مسعود بارزانی سەلماندویەتی سەرۆكێكی لێهاتووەو حكومڕانیەكی لۆژیكانە دەكات بۆیە هەموو جیهانیش رێزی لێدەگرێت


ستۆران ستیڤنسۆنسەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عیراق له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی گوڵاندا، لە وەڵامی پرسیارێکی گۆڤاری گوڵان دا

گوڵان: بوونی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە عێراقدا، باشترین ئاماژەی گرنگیدانی ئەوروپایە بە عێراق، هەر لەبەر ئەوەشە كە شاندێكی تایبەت بۆ كاروبارەكانی عێراق پێكهێنراوە، تا لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی ئەم وڵاتەی پێ بكەن..
بەڕێز ستۆران ستیڤنسۆن.. بە لای بەڕێزتانەوە تا چ ڕاددەیەك عێراق بۆ سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا گرنگی خۆی هەیە؟

ستۆران ستیڤنسۆن: چەند ساڵێكە شاندی پێوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا پێكهاتووەو منیش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سەرۆكی ئەو شاندە بووم، ئەمەش سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو، چونكە عێراق بایەخێكی زۆر گرنگی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەی مایەی ترس بوو بۆ ئێمە، پێدەچوو ئێران دەستڕۆیشتویی خۆی لە عێراقدا زیاتر بكات. هەمیشە عێراق لەگەڵ ئەوروپادا شەریكێكی بازرگانی گەورەبووە، دوا بە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە ئێمە وەبەرهێنانێكی زۆروزەبەندمان لە پێناوی بونیاتنانەوەی ژێرخاندا لەو وڵاتەدا ئەنجامداوەو هەوڵیشمانداوە هاوكاری خەڵكی عێراق بكەین بۆ ئەوەی لە ئاسەوارەكانی شەڕ ڕزگاریان بێت. بەڵام بە داخەوە حكومەتی ئێستا خیانەتی لە خەڵكی عێراق كرد، بەوەی حكومەتێكی تایەفەگەرە، فەزڵی تاقانە پێكهاتەیەكی دانیشتووانی داوە بەسەر پێكهاتەكانی دیكەدا. نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش هەموو وەزارەتە ئەمنیە سەرەكیەكانی وەك سوپا و كاروباری ناوخۆیی و بەرگری لە نووسینگەكەی خۆیدا چڕكردۆتەوە، بە بێ ئەوەی دابەشیان بكات، هەروەك چۆن ڕێككەوتنی هەولێر داوای ئه‌وه‌ی لیده‌كات كه‌ ده‌بێت ئه‌و پۆستانه‌ دابه‌شبكریت، - ئەو ڕێككەوتنەی- لەپاش دوایین هەڵبژاردنەكانەوە هاتەئاراوە، كەواتە خودی مالیكی بەرپرسیارە لە خراپتربوونی مەترسیدارانەی بارودۆخەكەو ئەمەش بۆی هەیە بۆ هەڵایسانی شەڕی‌ ناوخۆ لە عێراقدا سەربكێشێت.

گوڵان: وەك سەرۆكی شاندی عێراقی دەمانەوێت ئەو پرسیارەت لێبكەین كاتێك باسی عێراق دەكەین ڕاستەوخۆ ناسەقامگیری و توندوتیژ دێت بە خەیاڵماندا، بەڵام لەم بارودۆخەدا هەرێمێكی دیموكرات و پێشكەوتوو هەیە كە هەرێمی كوردستانە، ئایا یەكێتی ئەوروپا چۆن لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و تا چ ڕاددەیەك یەكێتی ئەوروپا گرنگی بە هەبوونی ئەم هەرێمە دیموكراتیە لە عێراقدا دەدات؟

ستۆران ستیڤنسۆن: ئێمە پێمان وایە كوردستان گرنگیەكی لە ڕادەبەدەری هەیەو كاتێكیش سەرۆك بارزانی هەفتەی پێشوو سەردانی برۆكسلی كرد بۆ ئەوەی وتارێك پێشكەشی لیژنەی كاروباری دەرەوە بكات. چاوم پێیكەوت و پێشتریش چەندین جار چاوم پێیكەوتووەو بەم دواییەش پارساڵ كە لە هەولێر بینیم. ئەو كاتە پێم وت كە جیاوازی هەبوو لە پێشوازی كردنی نوری مالیكی كە پێشوازییەكی زۆر ساردوسڕی لە واشنتۆن لێكرا، بە بەراورد بەو پێشوازییە زۆر گەرموگوڕەی لەلایەن سەرۆك وەزیران و حكومەتی توركیاوە لە ئەنقەرە لە مسعود بارزانی كرا، ئەمە ئەوەمان پیشان دەدات كە بەلای ڕۆژئاواوە مسعود بارزانی گرنگترین سەركردەی سیاسییە بۆ سەرتاسەری عێراق و پێویستە ڕۆژئاواش بە وریاییەوە گوێ بۆ بۆچوونەكانی مسعود بارزانی ڕابگرێت، لە پێوەندیدا بە ئایندەی سەرجەم عێراق، نەك تەنیا كوردستانیش. هەروەها ئێمە زۆر سوپاسگوزاربووین- كە ئەمەش لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوودا جەختی لەسەركرایەوە- بۆ ئەو هاوكاریەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە مەسیحی و شەبەك و توركمانەكان پێشكەشی دەكات، كە ژمارەیان زۆرەو بۆ كوردستان هەڵاتوون، لەبەرئەوەی كوردستان تا ڕاددەیەكی باش سەلامەتە، ئەو- ئاوارەبوونەی- لە ماوەی ئەو یاخیبوونەی لە دوای داگیركاری ئەمەریكاوە دروست بوو، هەروەها لە دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان جێهێشت. هەروەها بەم دواییەش 250 هەزار ئاوارەی سوریایی شوێنێكی سەلامەتیان لە كوردستاندا بۆ خۆیان بەدی كردووە. كاتێك لە كوردستان بووم، لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا سەردانی یەكێك لە كامپەكانی ئاوارەكانی سوریاییم كرد كە لەنزیك هەولێر دروست كراوەو ئەو هەموو كارانەم بینی كە دەكرێن بۆ دابینكردنی هاوكاری و سەلامەتی بۆ زۆرێك لە مناڵ و ئافرەتان كە لە شەڕی ناوخۆیی سوریا هەڵاتبوون، ئەمە كارێكی تەواو ڕێك و پێك و تایبەت بوو.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(963)یە.


Top