بۆیەكەمین جار پلەكانی گەرما لە چۆمان بۆ 14پلەی ژێر سفر دابەزی

بۆیەكەمین جار پلەكانی گەرما لە چۆمان بۆ 14پلەی ژێر سفر دابەزی
ماوەی 48 كاتژمێرە رەشەبایەكی بەهێز دەڤەری باڵەكایەتی گرتۆتەوە و بە جۆرێك بەشی هەرە زۆری سەرچاوە ئاویەكان بەستویانەو تەواوی خێزانەكان بێ‌ ئاوی خواردنەوەن و لەگەڵ ئەوەی هیچ دابارینێك بە هۆی هەورەوە لە ناوچەكە رووی نەداوە بەڵام بەهێزی ئەو رەشەبایە بەفری چیاكان لەگەڵ خۆی دێنێت و لە زۆر شوێنی ناوچەكە بەفرێكی زۆر باریوەو بە هۆشیەوە بەشێك لە رێگاو بانەكانی ناوچەكە ئاستەنگ لە بەردەم رەوشی هاتوو چۆی ئۆتۆمبێلی تیادا دروست بووە.


تاكو ئێستا ئەو رەشەبایە زیانێكی ماڵی لێ‌ نەكەوتۆتەوە، بەڵام بێ‌ ئاوو بوونی ماڵەكان و وەستانی كارو كاسبی زۆرێك لە هاوڵاتیان و بەستانی كوچەو كۆڵانەكان وای كردوە كە جولەی مرۆڤەكانیش كەمتر لە رێگاو بانەكان بەدی بكرێت.



هەرچەندە بە هۆی نەبوونی دەزگایەكی كەشناسی لە ناوچەكە نازانرێت ئاستی خێرایی باكە چەندە، بەڵام بە پێی سەرچاوە كەشناسیەكان كە لە چەند ماڵپەرێك ئاماژەی بۆ كراوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو چۆمان 14پلەی ژێر سفر بووەو لە كاتێكدا مۆسكۆ تەنها 5 پلەی ژێر سفرە.
Top