سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەکی "تووند" بۆ ئۆباما دەنێرێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  نامەیەکی
"با شەرمەزاری ئەمریكا بم نەك میللەتەكەی خۆم". ئەمە وەڵامی فەرمی مەسعود بارزانی بووە بۆ ئیدارەی ئەمریكا پاش رەتكردنەوەی داوەتێك بۆ سەردانیكردنی ئەمریكا. بارزانی هەروەها گوتبووی "تاوەكو كێشەی پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكرێ سەردانی ئەمریكا ناكەم".

وا بڕیار بوو رۆژی 27/1/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات و لە 31/1/2014 لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە، بەڵام بارزانی خۆی سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە. هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێكی ولایەتە یەكگرتووەكان كە بەر لە 13 ساڵ دەرچووە و بەپێی ئەو بڕیارە، هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لیستی رەشی ئەمریكادان.

پارتیت یان یەكێتی؟

كونسولخانەی ولایەتە یەكگرتووەكان لەكاتی پێشكەشكردنی داوای ڤیزا كێشە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات و كۆمەڵێك پرسیاری زۆر شەخسی و تایبەتییان لێدەكات، لەوانەش پرسیاری ئەوەی كە ئایا سەر بە كام حیزبی سیاسین، پارتی یان یەكێتی؟ ئەگەر پارتی بن یان یەكێتی، ئەوا پێدانی ڤیزاكەیان زەحمەت دەكرێ و دوادەكەوێ.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بارزانی بە (رووداو)ی گوت "سەرۆك كاتێك زانی كە ئەو كێشەیە هەیە، بڕیاری دا سەردانی ئەمریكا نەكات تاوەكو ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێ".

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیشاردەوە كە ئەو كێشەیە هەیە و گوتیشی كە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەن "لەساڵانی رابردوودا لەسەر ئەو بابەتە چەندین نامەمان بۆ كونسوڵخانە و باڵیۆزخانە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناردووە".

پارتی و یەكێتی و لیستی رەش

فەلاح مستەفا دەڵێت پارتی و یەكێتی لە لیستی رێكخراوە گومانلێكراوەكاندان. لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت "لەدوای رووداوەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 لە نیویۆرك و واشنتن، هەر گرووپێك لە دوو كەس زیاتر بووبێ و دەستیان دابێتە چەك و لەدژی حكومەتەكەیان جەنگابن خراونەتە ئەو لیستەوە".

ئەو گوتی "لیستەكە لە سێ خانە پێكدێت، خانەی یەكەم و دووەم گرووپە تیرۆریستەكان دەگرێتەوە، خانەی سێیەم ئەوانە دەگرێتەوە كە خەباتی چەكداری دەكەن لە دژی حكومەتی وڵاتی خۆیان". گوتیشی "بە ئەمریكییەكانمان گوت خۆتان سەددامتان لادا، دەبێ ناوی كوردیش لەو لیستە دەربهێنرێ".

بەرپرسەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە ئەمریكا دەكات كە ناوی كورد لەو لیستە دەربهێنرێ. فەلاح مستەفا دەڵێ "كورد لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا هیچ كێشەیەكی نییە و باشترین پەیوەندیمان هەیە، بەڵام ئەوە دەبێ لە كۆنگرێس لابدرێ".

لە دەسەڵاتی ئۆبامادا نییە

ئیدارەی ئەمریكا گوتوویەتی كە ئەو كێشەیە لەدەستی ئەوان نییە، بەڵكو لە دەستی كۆنگرێسە.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، ئیدارەی ئەمریكا لەسەر خەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. چونكە كاتیان دیاری كردبوو بۆ دیداری سەرۆكی ئەمریكا، باراك ئۆباما و جێگرەكەی جۆ بایدن لەگەڵ بارزانی، تەنانەت جۆبایدن بە بارزانی گوتووە كە ئۆباما خۆی تەدەخولی كردووە بۆئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێ، بەڵام بارزانی رەتیكردووەتەوە ئەو سەردانە بكات و بە بایدنی گوتووە "تاوەكو ئەو كێشەیە چارەسەرنەكرێ سەردانی ئەمریكا ناكەم". بارزانی ئەوەشی بە بایدن گوتووە "ئەگەر ئەمڕۆ ئەو كێشەیە چارەسەربكرێ سبەینێ سەردانی ئەمریكا دەكەم".

"جێی داخە كە نەهاتی"

فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئەنجامنەدانی سەردانی بارزانی بۆ ئەمریكا بە (رووداو)ی گوت "ئەو سەردانە كە ئەنجام نەدرا ئەوە نییە كە سەرۆكی ئەمریكا گوتبێتی دەرفەتم نییە و ناتوانم بتبینم، بەڵكو سەرۆك بارزانی خۆی گوتی ئێستا ناتوانم ئەو سەردانە ئەنجام بدەم". هەروەها گوتی "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە جێگری سەرۆكی ئەمریكای راگەیاندووە كە ماوەیەكی دیكە سەردانی ئەمریكا دەكات، بایدنیش بەبارزانی گوت جێی داخە كە نەهاتی و سەردانەكە دواكەوت". بەڵام فوئاد حوسێن ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی دیكە دەربارەی هۆی ئەنجامنەدانی سەردانەكە باس بكات.

پێشتریش سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "بڕیارە سەرۆك بارزانی و سەرۆك ئۆباما لە كۆشكی سپی كۆببنەوە، بەڵام رەنگە سەردانەكە هەندێ دوابكەوێ بۆ كاتێكی دیكە".

"با شەرمەزاری ئێوە بم نەك میللەتەكەم"

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لە ئەمریكاوە دەستیكەوتووە، بارزانی بە ئیدارەی كۆشكی سپی راگەیاندووە كە "من شەرمەزار دەبم بەرامبەر میللەتی خۆم، من كە سەرۆكی حیزبێكم و سەرۆكی هەرێمی كوردستانم، ئەندامەكانی حیزبەكەی من بچن داوای ڤیزا بكەن و پێیاننەدەن و بڵێن ئێوە پارتین، لە ئەمریكاش پێشوازی لە من بكەن ئەوكات چی بە خەڵكی خۆم بڵێم. هەروەها حیزبێكی دیكە كە هاوپەیمانە بە هەمانشێوە بەئەوانیش دەڵێن. خۆ ئەم دوو حیزبە خەباتی چەكداری و شۆڕشیان كردووە و ئەمە ئیهانەیە بۆ ئێمە. بۆیە تاوەكو ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێ سەردانی ئەمریكا ناكەم، با شەرمەزاری ئێوە بم، نەك میللەتەكەم".

كونسولخانەی ئەمریكا لە هەولێر لەبارەی ئەو كێشەیە تەنیا ئەوەندەی بە (رووداو) گوت "ئێمە لێدوان لەبارەی بابەتی پەیوەندیدار بە ڤیزا نادەین".









رووداو
Top