سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی دۆخی یەكێتی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  مەسعود بارزانی لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی دۆخی یەكێتی
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی دانوستاندنکاری پارتی و کۆمەڵ باسی دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کراوە و بەرپرسانی پارتی گوتوویانە مەسعود بارزانی لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی و بە پەرۆشە.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی لیژنەی دانوستاندكاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەم رەوشەی ئێستای یەكێتی و كاریگەری لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ كرا و هەردوولا ئومێدمان خواست ئەم كێشە و گرفتانە بە زوویی چارەسەر بكرێن و دۆخی یەكێتی بە ئاراستەیەكی نەخوازراو نەچێت و گفتوگۆكان هەر بەردەوام بن".

لەبارەی ئەوەش، ئایا هیچ بڕیارێك دراوە كە دەبێت چی بكەن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك، عەبدولستار مەجید گوتی:"ئەوە دەمێنێتەوە سەر پارتی و ئەوانیش هەوڵی خۆیان داوە، تەنانەت لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باس لەوەشكرا كە كاك مەسعود پەیوەندی بە یەكێتییەوە كردووە و لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە."

بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ عەلی دوێنێ لەراگەیەندراوێکدا داوای بەستنی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان کردو وازیان لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی هێنا.

وازهێنانی ئەو دوو بەرپرسە باڵایە رەنگە دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت خاوتربکاتەوە.

لەمبارەیەوە ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنكاری كۆمەڵ دەڵێت : "مەرج نییە هەموو دانوستاندنەكان بوەستن تاوەكو چارەسەركردنی قەیرانی ناوخۆی یەكێتی، بەڵام هەڵومەرجی هەرێمی كوردستانیش ئەوە دەخوازێت كە رەچاوی یەكتر بكەین و ئەم بارودۆخە هەستیارە لەبەرچاو بگرین وەك واقیعی هەرێمی كوردستان بە گشتی، نەك وەك حیزبێك و دوو حیزب."

لەئەگەری رێكنەكەوتنیش لەگەڵ یەكێتی، عەبدولستار مەجید ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەبێت دواتر قسەی لەسەر بكرێت بەتایبەتی وەك لایەنی بەرپرسیار، "بەرپرسیاری یەكەم لە پێكهێنانی حكومەت برادەرانی پارتین و ئەوان دەبێت هەڵویستی خۆیان روونبكەنەوە، دەشتوانن پێشنیاز و بەرنامەی خۆیان بدەنە حیزبەكان بۆ ئەوەی تاوتوێی بكەن."

گەڕی سێیەمی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رۆژی 26-1-2014 بە كۆبو‌ونەوەی پارتی و یەكێتی دەستیپێكرد‌و دواتریش شاندی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی و ئەمڕۆش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەوە.










رووداو
Top