نێچیرڤان بارزانی : سەقامگیری شاری سلێمانی هێڵی سووری ئێمەیە

 نێچیرڤان بارزانی : سەقامگیری شاری سلێمانی هێڵی سووری ئێمەیە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە بارودۆخی شاری سلێمانی، دوای ئەو پشێوییە سیاسییەی بەهۆی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی لەوشارەدا دروستبووە، رایگەیاند ئێمە ئاسایشی هەموو لایەک و سەقامگیری سلێمانی بە هێڵی سوور دادەنێین، پاراستنی ئاسایشی ئەو شارە، ئەرکی ئێمەیە وەکو حکومەت.

رووداو: ئێوە چۆن دەڕواننە رەوشی شاری سلێمانی، کە هەندێ خەڵکی ئەو شارە هەست بە دڵەراوکێ دەکەن لەبەر ئەو پشێویەی بەهۆی بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتییەوە دروستبووە. ئێوە وەک حکومەت دەتوانن چ دڵنیاییەک بدەن؟

نێچیرڤان بارزانی : “ئێمە لە دەوڵەتێکی مەدەنیدا دەژین، بۆیەش بارودۆخی نێوخۆیی حیزبێک نابێ ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر کاری سیاسی هیچ سیاسەتمەدار و هیچ لایەنێکی سیاسی و هاووڵاتیان . هەروەها ئێمە زۆر بە راشکاوانە دەڵێین، هیچ گرتن و بەسەرداگرتنێک لە دەرەوەی یاسا و بە هۆکاری سیاسی، رێگەپێدراو نییە و رێگەشی پێنادەین. پاراستنی باری ئارامی سلێمانی بۆ هەموو خەڵکی سلێمانی و پاراستنی سەقامگیری ژیانی هاووڵاتیان، پاراستنی ژیان و ئازادی کاری سیاسی هەموو سیاسەتمەداران لەو شارە و شارەکانی دیکەدا، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بەپێی هەموو یاساکانی بڕوای بە ئازادی کاری سیاسییە. باوەر دەکەین هەموو لایەنەکانیش دەرک بەو بەرپرسیارێتییە دەکەن و بەتەواوی پابەندی ئەو ئەرکەیانن. تێکدانی سەقامگیری شاری سلێمانی هێڵی سوورە ، بەڵام خەڵکی شاری خۆشەویستی سلێمانی دڵنیادەکەینەوە کە بارودۆخەکە ئارامە و هیچ هەوڵێکی بەوشێوەیەش نییە.






رووداو
Top