شاندی دانوستاندنكاری پارتی و كۆمەڵ كۆدەبنەوە
مەلا مەروان، ئەندامی شاندی دانوستاندنكاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەمڕۆ كاژێر 11:30 خولەك هەردوو شاندی دانوستاندنكاری پارتی و كۆمەڵ لە هەولێر كۆدەبنەوە".
بە گوتەی مەلا مەروان رەنگە ئەمە دوایین كۆبوونەوەی نێوان كۆمەڵ و پارتی بێت و تێیدا كۆمەڵی ئیسلامی داواكارییەكانی خۆی دەداتە شاندی دانوستاندنكاری پارتی و چاوەڕێی وەڵام دەكات.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە 29/1/2014 كۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستاندنكاری پارتی و كۆمەڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی كۆبوونەوەكە دواخرا.
پێشتر عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی دانوستاندنكاری كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاندبوو "كۆمەڵی ئیسلامی بەڕوونی داواكارییەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دەداتە لیژنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، داواشدەكات پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەت.
گەڕی نوێی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رۆژی 26ی ئەم مانگە بە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو دواتریش شاندی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامیش كۆبوونەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لایەنەكان جگە لە گۆڕینەوەی بیروڕاو خستنەڕووی پێشنیاز، لەسەر پێكهێنانی كابینەی هەشتەم رێكنەكەوتوون.
رووداو
