ئەشواق جاف: پێشمەرگە لەسەدا 33ی خاكی عێراق دەپارێز و ناوەندیش مووچەی ناداتێ

 ئەشواق جاف: پێشمەرگە لەسەدا 33ی خاكی عێراق دەپارێز و ناوەندیش مووچەی ناداتێ
نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پێشمەرگە لەسەدا 33ی خاكی عێراق دەپارێزێ كەچی ناوەند مووچە و پێداویستی سەربازی بۆ دابین ناكات.

ئەندامی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف راگەیاند : پێویستە لەسەر حكوومەتی ناوەندی مووچە و پێداویستی سەربازی و لۆجستی و مووچەی خانەنشینی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرف بكرێ بەو پێیەی هەرێم بەشدارە لەتێچووی وەزارەتی بەرگریدا.

ئەوەشی گوت: لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لەسەدا 17ی بودجەی عێراقە، ناوەند بەشی تێچووی سیادی لەهەرێم دەبڕێ ئەمە ئەوە دەگەیەنێ هەرێم هاوبەشە لە وەزارەتە سیادییەكان لەنێویاندا وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی ناوەندی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بدات و لەبودجەشدا بیچەسپێنێ، بەو پێیەی هێزێكی دەستوورین و نزیكەی 33%ی خاكی عێراق دەپارێزن بەبینای پەرلەمانی عێراقیشەوە.

باسی لەوەش كرد، پێشمەرگە مێژوویەكی پرشنگدار و پڕ لەشانازی هەیە لەچەند دەیەی رابردوودا لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمی داپڵۆسێنەر، هەروەك بەشداری كردووە لەئازادكردنی عێراقدا لەدەستی بەعس و 2013ەشەوە وەك هێزێكی رێكخراو لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگریدا پارێزگاری سنوورەكانی عێراق دەكات لەهەرێمی كوردستاندا، بۆیە پێویستە هەموو رێزێكیان لێبگیرێ و مافەكانیشی گەرەنتی بكرێ.

پتر گوتی: ناكرێ دەساودەس بكرێ بەمافەكانی پێشمەرگە و ئەو مافانە ئەبێ دوور بن لەسیاسەتی سازش و پێدان بەرامبەر بەیەكتری و سازش كردن لەسەر مافی نەوەكانی گەلی كورد جێی قبوڵ نییە.








KDP.info
Top