سەفین دزەیی: چاوەڕێدەكەین گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا ئیجابی بن

 سەفین دزەیی: چاوەڕێدەكەین گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا ئیجابی بن
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و ئەندامی ئەو شاندەی چوونەتە بەغدا، رایگەیاند كە ئەوان چاوەڕوان دەكەن گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بە ئاقارێكی ئیجابیدا بڕوات و بگەنە رێككەوتن. دەشڵێ هەڕەشەكانی مالیكی كاریگەرییان نەبووە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغداوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی كردو لەبارەی سەردانەكەیانەوە گوتی "هەفتەی رابردوو بە نووسراو چەند پێشنیازێكمان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ناردووە بۆ بەغداو ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە كۆدەبینەوەو تاوتوێیان دەكەین".

شاندەكە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات ‌و پێكهاتوون لە: ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان ‌و عەلی سندی، وەزیری پلاندانان‌و دكتۆر ئامانج رەحیم، جێگری سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان‌و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت.

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیازپاكی هەولێری لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت خستەڕوو و گوتی "هەرێمی كوردستان لاری نییە لەوەی بەغدا ئاگاداری پرسی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بێت".

سەبارەت بە هەڕەشەكانی مالیكیش لەسەر بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی گوتی "ئەو هەڕەشانە كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان نەبووەو ئەگەر هەیبوایە نەدەهاتینە بەغدا، ئەو هەڕەشانە نایاسایین"‌.








Top