سوپای عێراق لە دوزخورماتوو ئۆپەراسیۆنی دەستپێكرد

 سوپای عێراق لە دوزخورماتوو ئۆپەراسیۆنی دەستپێكرد
هێزێكی زۆری سوپای عێراق بە یاوەری دوو هەلیكۆپتەر لە قەزای دوزخورماتوو بڵاوەیان پێكراوە. وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایدەگەیەنێت كە ئەوە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینە بەدوای چەكدارە تووندڕەوەكان.

سەرچاوەیەكی ئاسایشی خورماتوو راگەیاند، كە رێوشوێنی ئەمنیی تووند لە قەزاكە گیراوەتەبەرو هاتووچۆی خەڵك لە قەزاكە قەدەخەكراوە. گوتیشی "هێزێكی زۆری سوپای عێراق بە یاوەری دوو كۆپتەر رەوانەی خورماتوو كراون".

هاوكات رائید فارووق ئەحمەد، لە ئاسایش خورماتوو راگەیاند "رێگای سەرەكی دوزخورماتوو - بەغدا داخراوە".

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە زاری سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتەكەوە رایگەیاندووە، كە ناردنی ئەو هێزە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینە بەدوای چەكدارە تووندڕەوەكان.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، كە تاوەكو ئێستا لە ئاكامی هەڵمەتەكە پلانداڕێژەری سەرەكی بۆمبە چێنراو و لكێنراوەكانی ئەو قەزایە دەستگیركراوە.










رووداو
Top