شاندەكەی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.1.2014، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرەتا لەگەڵ حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە كۆدەبێتەوە، دواتر لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی دەبێت".
دزەیی ئاماژەی بەوەشدا: "تەوەری كۆبوونەوەكان بریتی دەبێ لە كێشەی بودجە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان".
شاندەكەی هەرێمی كوردستان، كە یاوەریی بارزانی دەكەن پێكهاتوون لە: عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان و عەلی سندی، وەزیری پلاندانانو دكتۆر ئامانج رەحیم، جێگری سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 15.1.2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بێ رەزامەندی وەزیرە كوردەكان، بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2014 پەسەندكرد، ئەمەش وەك وەزیری گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا".
رووداو
