سبەی شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
چاوەڕێ دەکرێ، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2014 و ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستان-تورکیا بکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 18.1.2014، هادی عامری، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە سەردانی شاندی هەولێر بۆ بەغدا و مالیکی، چاوەڕوانی سەردانی شاندەکە دەکات، "بەڵام ئەوان وادەی سەردانەکەیان دیارینەکردووە".
رۆژی 15.1.2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بێ رەزامەندی وەزیرە کوردەکان، بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2014 پەسەندکرد، ئەمەش وەک وەزیری گواستنەوەی عێراق راگەیاند، "بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا".
رووداو
