مەسرور بارزانی پێشوازیی لە سەفیری ژاپۆن لە عێراق کرد
لەم دیدارەدا سەفیری ژاپۆن ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی لەبار و گونجاو بۆ وەبەرهێنان دەزانێت.
سەفیری ژاپۆن دەستخۆشانەی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووبارە کردەوە کە توانیویانە سەقامگیریی رەوشی ئاسایشی هەرێم لەم ناوچە پڕ کێشەیە بپارێزن و هەر ئەم سەقامگیرییەش بووەتە بنەمای پێشکەوتنی هەرێم. سەفیری ژاپۆن ئاواتی خواست کە ئەم سەقامگیریە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.
لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگەی ئابووری و سیاسیی ژاپۆنی بە گرنگ پێناسە کرد و ئاواتی خواست بە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە هەمەچەشنەکان بتوانرێت لە هەرێم سوود لە ئەزموونەکانی ژاپۆن وەربگیرێت تاکو بە شێوەیەکی راست و تەندروست ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی هەرێم رێک بخرێتەوە.
شایانی باسە، سەفیری ژاپۆن کە ئەرکەکەی لە عێراق کۆتایی پێ هاتووە بە مەبەستی ماڵئاوایی خواستن سەردانی هەرێمی کردووە، هەر بۆیە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش وێرای دەستخۆشانەی، وەک دۆستێکی کورد ئاواتی سەرکەوتنی بۆ خواست و ئاماژەی بەوەدا کە بناغەیەکی بەهێز بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بنیات نراوە و لەمەولاش بە هەمان گیانی هاوکاریی و دۆستایەتی لەگەڵ سەفیری نوێ پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان دەدرێت.
