سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە سلێمانی و هەولێر
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەی زانیارییەكانییەوە زانیویەتی، كە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان نەوزاد هادی، ئەندامی سەركردایەتی و پارێزگاری ئێستای هەولێری وەك سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستنیشانكردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر چەند سەرچاوەیەك بە رووداویان راگەیاندبوو لیستەكەی پارتی سەرۆكی نابێت و ناوەكان بە پێی پیتی ئەبجەدی دادەنرێن.
لەو لیستەدا سێ كەسی دیاری پارتی تێدایە، كە بریتین لە: نەوزاد هادی، پارێزگاری ئێستای هەولێر، پشتیوان سادق، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی و ئیدریس هادی، وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەكتەبی سیاسیی پارتی پشتیوان سادقی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر پێشنیازكردووە. نەوزاد هادیش رەتینەكردەوە كە جارێكی دیكە خۆی بۆ ئەو پۆستە ناپاڵێوێت و بە رووداوی گوت "من نازانم دەمێنمەوە یان نا، چونكە لەدەست مەكتەبی سیاسیدایەو ئەوان بڕیار دەدەن".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانیش (زیاد كاكە رەزا)ی وەك سەرۆكی لیستەكەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەستنیشانكردووە.
بڕیارە رۆژی 30.4.2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت.
رووداو
