جەلەولا؛ بۆمبەکه بەخۆیدا تەقییەوه و کوژرا
بەڕێوەبەری نووسینگەی تاوانه گەورەکانی خانەقین رائید "فەرهاد رەفعەت" به ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: ئەو تیرۆریسته ناوی "وسام ئەمین فەتی" خەڵکی شارەدێی سەعدییەیه، ئەمڕۆ به ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب له سەعدییەوه بۆ جەلەولا هاتبوو و لەناو شارەدێی جەلەولا و له نزیک نەخۆشخانەی گشتیی جەلەولا بۆمبێکی چێندراو که له ژێر ئۆتۆمبێلەکەی بوو، بەخۆیدا تەقییەوه و پاش بریندار بوونی له نەخۆشخانه گیانی لەدەست دا.
فەرهاد رەفعەت گوتی: ئەم تیرۆریسته یەکێکه له تیرۆریسته گەورەکانی ناوچەکە بوو و پێشتر بەپێی مادەی چواری تیرۆر داواکراو بووه، له ماوەی هەفتەی رابردوو، چەند جارێک هەڵیانکوتاوەته سەر ماڵەکەی و شوێنی کار و جموجۆڵی له ناوچەکه، بەڵام رایکردووه و نەتونراوه دەستگیری بکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش به پەیامنێری راگەیاند: ئەم تیرۆریسته برایەکی ئەفسەرێکی گەورەی پۆلیسی حەوزی حەمرینه و ئەو ئەفسەره پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوه به تۆمەتی کاری تیرۆریستی دەستگیر کرابوو.
