سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی ڕێكخراوی لاوانی ئاشتیپارێز کرد
لە سەرەتای دیدارەکەدا ئەندامانی شاندی ڕێكخراوی لاوانی ئاشتیپارێز خۆشحاڵیی خۆیان ڕاگەیاند بە بۆنەی سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و كورتەیەكیان لەبارەی چالاكییە نێودەوڵەتییەكانی ئەم ڕێكخراوە لە بواری پەرەپێدان بە تواناكانی گەنجان و پاراستنی ئاشتیی جیهانی باس كرد.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان و دەستخۆشی لە كارەكانیان، جەختی لەسەر گرینگیی پێگەی گەنج و نەوەی نوێ لە داهاتووی وڵاتان كردووە و بە پێویستی زانی كە ڕێگە بۆ بەشداریی گەنجان خۆش بكرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بكەن.
سەرۆك بارزانی لەبارەی لاوانی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە گرینگترین بابەت بۆ گەنجی كورد ئەوەیە بڕوای بە خۆی و تواناكانی هەبێت و وڵاتەكەی خۆش بوێت و كاری بۆ بكات. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی كورد و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بۆ ئامادەبووان باس كرد.
لە بەشی كۆتایی دیدارەکەدا دەرگەی پرسیار بۆ ئامادەبووان كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی شاندی میوانی دایەوە.
ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی لاوانی ئاشتیپارێز 65 ڕێكخراو لە 35 دەوڵەت تێیدا بەشدارن و شاندەکەیان لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لاوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
