وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغداو بڕیارە لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق كۆببێتەوە.
ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە رایگەیاند:"محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغداو بڕیارە لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ناوچەكەو ئاڵۆزییەكانی پارێزگای ئەنبار".
هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە زەریف كرد لە فڕۆكەخانەی بەغدا.
سەردانەكەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق كە تەنها یەك رۆژ دەخایەنێ لە چوارچێوەی گەشتێكی زەریف دێ بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم سەردانەی زەریف لە دوای رۆژێك دێ لە سەردانی بان كی مون، سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەغدا.
رووداو
