تریلیۆنێك و 600 ملیار دینار بۆ زیادەمووچەی خانەشینان تەرخان دەكرێت
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە هەفتەنامەی (باس)ی راگەیاندووە، لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2014 پارە بۆ زیادە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران تەرخان كراوە. گوتیشی\"" بۆ زیادەی خانەشینان 1 ترلیۆن و 600 ملیار دینار تەرخانكراوە، بۆ زیادەمووچەی فەرمانبەرانیش 2 ترلیۆن و 250 ملیار دینار تەرخان كراوە.
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بەوەشدا یاسای نوێی خانەشینی لە قۆناخەكانی كۆتایی دایە و لە 1/1/2014 زیادەمووچەكە بۆ خانەشینان خەرج دەكرێت، لە گەڵ ئەوەشدا ئیمتیازی تازە بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەبێت كە خانەشین دەبن. گوتیشی: لە یاسای نوێ هەر كەس 40 ساڵ خزمەتی هەبێت سەدا سەدی مووچەكەی بنەرەتی پێدەدرێت، لە یاسای كۆن 80%ی مووچەكەی پێدەدرا، ئەوەی خزمەتی 39 ساڵی هەبێت بە 90%ی مووچەی بنەرەتی خانەنشین دەكرێت، ئەوەشی 30 ساڵی هەبێت بە 80%ی مووچەی بنەرەتی خانەشین دەكرێت
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە ئەو خانەشینانەی كە 150 هەزار بۆ 200 هەزار وەر دەگرن بۆیان دەبێتە 400 هەزار دینار، گوتیشی: یاسا تازەكە كارەكانی تەواو بووە تەنها ماوە دەنگدانی لە سەر بكرێت، هەموو كوتلەكانیش لە سەری كۆكن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە لە 1/1/2014 جێبەجێ دەكرێت و زیادەكە ئەژمار دەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە 3 ملیۆن و 500 هەزار خانەشین لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەو یاسا تازە سودمەند دەبن.
پرۆژەیاسای خنەنشینی لە 43 ماددە پێكهاتووە و لە مانگی ئەیلوولی 2013 لە لایەن حكوومەتی عێراقی پەسند كراوە لە پەرلەمانیش خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و چاوەروانی دەنگدانە.
لە بارەی وردەكاری پرۆژە تازەكە نەجیب، گوتی: پێشووتر بیرۆكەیەك هەبوو تەمەنی خانەشینی بۆ 62 ساڵ كەمبكرێتەوە، بەڵام لە لایەن لیژنەی دارایی ئەو بیرۆكەیە وەر نەگیراوە و 63 ساڵ وەكو خۆی ماوەتەوە. ئەگەر كەسێك 14 ساڵ و شەش مانگ خزمەتی هەبێت ئەوە دەتوانێت خۆی خانەنیشن بكات بەڵام پێشووتر پێویست بوو 15 ساڵەكەی تەواو كرد بكردایە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق چەند خاڵێكی تری گرنگی یاساكەی روون كردەوە و گوتی: ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتی سەربازییان خزمەتی كەرتی تایبەتیان هەبێت، یان لە نێو حزب خزمەتی هەبێت ئەوە بە خزمەت ئەژمار دەكرێت.
حازم حوسێن بەرێوەبەری گشتیی خانەشینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە كاتی دەرچوونی ئەو یاسایە لە بەغدا ئێمە لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێی دەكەین، گوتیشی: ئەو یاسایە زۆر زۆر باشە، چونكە كەمترین مووچەی خانەشینی 400 هەزار دینار دەبێت، ئەمە وێرای ئەو ئیمتیازانەی تر كە بە خانەشینان دەدرێت، لە یاسای پێشووتر ئەگەر خانەنشینكراوێك كە كۆچی دەكرد خێزانەكەی یەك كەس بوایە 60%ی مووچەكەی وەر دەگرت، بەڵام لە یاسای تازە دەبێتە 80%، ئەگەر 2 كەس بێت پێشووتر 75%ی مووچەكەیان وەر دەگرت بەڵام دەبێتە 90% ئەگەر 3 كەس بن 100%ی مووچەكە وەر دەگرن.
بەرێوەبەری گشتیی خانەشینی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە كە لە یاسای تازە رەچاوی گرانی گوزەران و رەچاوی ساڵانی خزمەتیش كراوە، گوتیشی: كاتێك لە بودجەی 2014 پارە بۆ زیادە مووچەی خانەشینان تەرخان كراوە ئەوە موژدەیەكی خۆشە بۆ خانەشینان كە یاساكە جێبەجێ دەكرێت.
لە ساڵی رابردوودا حكوومەتی عێراقی بڕیاری دا خانەنشینان100 هەزار دیناری مانگانەیان وەكو مینحە پێ بدرێت تاوەكو یاسایەكە دەردەچێت، بەڵام ئەو پارە بە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان نەدرا. حازم حوسێن گوتی: ئەو كاتەی كە ئەو بڕیارە درا بودجەی هەرێمی كوردستان پەسند كرابوو، بەغدایش ئەو پارەیەی بۆ تەخان نەكردین، بۆیە ئەو 100 هەزار دینارە نەدرا چونكە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی نەبوو بۆیە حكوومەت ئەوەی جێبەجێ نەكرد."
