مەحموود سەنگاوی شەوی رابردووی لە زینداندا بەڕێکرد

 مەحموود سەنگاوی شەوی رابردووی لە زینداندا بەڕێکرد
شەوی رابردوو، مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە کەلار لە زینداندا بوو. هەروەها تاوەکو ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ هێزێکی زۆر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان (ئەو شوێنەی مەحموود سەنگاویی تێدا گیراوە)، کۆکراونەتەوە.

مەحموود سەنگاوی، کە لەسەر کەیسی کوشتنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، شەوی رابردوو لە کەلار لەبەردەم دادوەردا ئامادەبوو. دوای ئەوە دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنیدا و داوایەکی سەنگاویی رەتکردەوە کە پێشنیازیکردبوو لە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە دەستبەسەر بکرێت. مەحموود سەنگاوی ماڵێکی لە گەڕەکی شەهیدان لەنێو شاری کەلاردا هەیە، بەڵام شەوی رابردوو نەگەڕایەوە ماڵەوە و لە زینداندا بوو.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هێزەی لەبەردەم ئەو شوێنەی سەنگاویی تێدا گیراوە کۆبوونەتەوە، ئۆتۆمبێلی جۆری مۆنیکا و پیکەبیان پێیە و دەگوترێت خزمان و پاسەوانەکانی سەنگاوین، بەڵام هیچکەس لە بنەماڵەی سەنگاوی ئەو زانیارییانەی بۆ رووداو پشتڕاست نەکردووەتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا پارێزەری کەیسی کاوە گەرمیانی زانیاریی تازە لەبارەی ئەو کەیسەوە ئاشکرابکات.

کاوەە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ، شەوی 5.12.2013 لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا و کەسوکارەکەشی سکاڵایان لە سەر سەنگاوی تۆمارکرد.










رووداو
Top